سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حزبەکوردستانییەکان لە شاری کەرکووک کۆبۆوە


KRP.org | |


13/09/2017
ڕۆژی سێشەممە ١٢ـی٩ـی٢٠١٧ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری کەرکووک لەگەڵ نوێنەرانی حزبە کوردستانییەکانی کەرکووک کۆبۆوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی بەڕێزان کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دکتۆر نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی بە وردی باسی لە بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کرد و جەختی کردەوە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە نەک یەک یا دوو حزب و یەک کەس، هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و هیچ دواخستنێک لە ئارادا نییە.

سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەبارەی کەرکووکەوە دەکرێن، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە و وەک شارەکانی تر بەشداریی ڕیفراندۆم دەکات و وەکچۆن تائێستا لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزراوە لەمەودواش دەپارێزرێت و وەک شاری پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکانیش دەمێنێتەوە.

سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک کرد بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک جەختیان کردەوە کە هەموویان بەیەکڕیزی و یەکهەڵوێستی پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن و دڵنیاییشیان دا کە خەڵکی کەرکووک بێ دوودڵی بەشداری لە ڕیفراندۆم دەکەن و سەردەکەوین.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 217