دیدار و چالاكییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بروكسلی پایتەختی بەلژیکا


KRP.org | |


12/07/2017
ڕۆژی سێشەممە 11ـی 7ـی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بروكسلی پایتەختی بەلژیکا لە پارلەمانی ئەورووپا وتارێكی پێشكەش كرد.

(سەرۆک بارزانی) لە پەرلەمانی ئەورووپا باسی پێوەندیی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ عێراق کرد و دابەشی سەر دوو تەوەری کرد و رایگەیاند کە لەدوو تەوەرەوە دەمەوێ پەیامی خۆم بگەیەنم: تەوەری یەکەم، ڕیفراندۆم و تەوەری دووەمیش شەڕی تیرۆرە. لە بابەت تەوەری یەکەمدا، پرسی ڕیفراندۆم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ئێمە وەک خەڵکی کوردستان سەدساڵ زیاترە هەوڵمان دا کە شەراکەتێک ڕاستەقینە بونیاد بنێین بۆ ئەوەی پێکەوە عێراقێکی دیموکراتی و لەم دواییانەش فیدراڵی بنیات بنێین، بەداخەوە هیچ ئاکامێکی نەبوو.

قۆناغی یەکەم سوننە حوکمی عێراقی کرد تا ٢٠٠٣ و قۆناعی دووەمیش لە ٢٠٠٣ تا ئێستا شیعە حوکمی عێراق دەکات. لە قۆناغی یەکەم هەوڵمان دا لەگەڵ عێراقدا بژین، بەڵام پاداشتی کوردیان دایەوە، چونکە ئێمە ویلایەتی مووسڵمان خستە سەر عێراق و نەمانهێشت بکەوێتە سەر تورکیا، عێراق پاداشتی داینەوە کە گوندەکانی ئیمەیان وێران کرد و ئەنفالیان کرد.

لە قۆناعی دووەمیشدا ئێمە بووینە سەبەب شیعە بێنە سەر حوکم، ئەوانیش کەوتنە دژایەتی کوردستان و نانی خەڵکیان بڕی، مادام نەمانتوانی شەریک بین با ببینە دوو دراوسێی باش. ئەگەر ئەمە نەبێ ئەوا ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەچی، شەڕیکی خوێناوی دروست دەبێ.

(سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، "تەجروبەی هەموو میللەتانی دونیا دەری خست بەتایبەت لە ئەورووپا کە ئیتحادی بەزۆر یان تەقسیمی بەزۆر تاسەر سەرناگرێ. لە دەستووری عێراقیش هاتووە پابەندبوون بەو دەستوورە پابەندی دەوڵەتی ئیتحادی فیدرالی دەپارێزی بۆیە دەستووریش ئەو مافە بە ئێمە دەدات کە ئەو بڕیارە بدەین."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گوتارەکەیدا لە پەرلەمانی ئەورووپا روونیشی کردەوە کە ئێمە شانازی بە فەرهەنگی خۆمان دەکەین کە نەتەوەی جیاواز و پێکهاتە و دینی جیاوازی هەیە و ڕیفراندۆم بڕیاری هەموو خەڵکی کوردستانە و ئێمە مولزەمین چ وەک کورد و تورکمان و ئاشووری و کلد و سریان و ئەو عەرەبانەی کە لە کوردستان دەژین هەموو بڕیاری ڕیفراندۆممان داوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا روونیشی کردەوە کە "ئەو کاتەی خەڵکی کوردستان بڕیاری دا، ئیمە دەمانەوێ بکەوینە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و دراوسێکانەوە، بەڵام ئەو بڕیارەی دراوە بۆ ڕیفراندۆم لە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ جێبەجێ دەکرێت و پاشگەزبوونەوەی لێ نییە. ئێمەش دەمانەوێ ئازاد بین و سەربەخۆ بین وەک هەموو گەلانی دنیا."

)سەرۆک بارزانی) بۆ پەرلەمانتارانی ئەورووپا رایگەیاند کە ئێمە داوامان لە دۆستەکانە پشتگیریمان بکەن داوا دەکەین کە نوێنەرتان بێن و بەشداربن وەک چاودێر لە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ کە بۆ ئێمە رۆژێکی مێژووییە.

لە بابەت تەوەری دووەمدا کە شەڕی دژ بە تیرۆرە، (سەرۆک بارزانی) گوتی، ئێمە شانازی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین کە توانی ئوستوورەی داعش تێکبشکێنی. لێرەدا دەمانەوێ سوپاسی هەمووتان بکەم لەڕێگەی ئێوە سوپاسی گەل و دەوڵەت و میللەتی ئێوە بکەین کە لەو شەڕەدا هاوکاریتان کردین. پێشمەرگە توانی ٣٠ هەزار کیلۆمەتر لە شەڕی دژ بە داعشدا رزگار بکات.

(سەرۆک بارزانی) لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەیشی بە ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و بە سەدان پێشمەرگە گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئەوەی داعش دەستی بەو ئاوارانە نەگات و ناوچەداگیر کراوەکانی ئەوانی ئازاد کرد.

سەبارەت بە مووسڵ (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، هیچ گەڕەکێک لە نێو مووسڵ نەماوە بەدەست بەداعش بێت، بەڵام بەداخەوە زیانی خەڵکی سڤیل زۆر زۆرە و شارەکە وێران بووە. دووساڵ پێش ئێستا بۆچوونی ئێمە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانان وا بوو کە دەبوو دوو پلانمان بۆ ئازادکردنی مووسڵ هەبێ: یەکەمیان، سەربازی و دووەمیش پلانی ئیدارەدانی مووسڵ لەدوای رزگارکردنی. بەڵام بەداخەوە کە نزیک بووین لە پلانی سەربازی، پلانی دووەم پشتگوێ خرا. ئاماژەیشی دا، من زۆر ترسم هەیە کە کێشەی زۆر لە مووسڵ و ناوچەکەدا ڕووبدات، ئەو هۆکارەی پێش سێ ساڵ و نیو بووە هۆی گەشەکردنی داعش، ئێستا ئەگەر زیاتر نەبێ کەمتر نییە، بۆیە من ئەو مەترسییەم هەیە. (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند کە پێشمەرگە خەتی پێشەوەی داعشی تێکشکاند و بەگوێرەی رێککەوتن پێشمەرگە نەچووە نێو مووسڵەوە، بەڵام حەشدی شەعبی هەندێ خروقاتی کردووە و بۆیە من مەترسیم هەیە بەو هۆیەوە کێشە سەرهەڵبدات. (سەرۆک بارزانی) گوتیشی شەڕی داعش هەر سەربازی نییە، شەڕێکی ئابووری و ئایدلۆژییە و بە دەوڵەتێک و تەنیا لایەنیک ناکرێ، دەوڵەتانی ئەورووپایش کەوتوونەتە ژێر ئەو هەڕەشەیە و لێرەوە سەرەخۆشیتان لێ دەکەین، ئێمە لەو بەرەیەداین کە دژی تیرۆر شەڕ دەکات و تا دوا تیرۆریستێکیش مابێ ئێمە شەڕ دەکەین، پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعشدا زیاتر لە ١٥ هەزار داعشی لەناو بردووە.

هەر هەمان ڕۆژ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ خێرت بۆرژوا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلژیكا، كۆبۆوە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیش ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان بۆ دەزگەكانی میدیا ئاشكرا كرد.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە كرد كە كۆبوونەوەكە زۆر دۆستانە و سەركەوتوو بووە و ئەوان دۆستی میللەتی ئیمەن و دەتوانن هاوكاریمان بكەن و هەر چاوەڕوانی ئەوەشیان لێ دەكەین لەو پرۆسەیەدا هاوكاریمان بكەن، بۆ چاودێریكردنی پرۆسەكەیش زۆر لایەن ئامادەن چاودێر بنێرن و ئەمانیش دەینێرن.

هەروەها دەربارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە تەنها و بەبێ ئاڵای عێراق، سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی بەلژیكای كرد و گووتی: هەڵوێستێكی زۆر دۆستانەیە. دەربارەی هاوكارییەكانی بەلژیكا سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بەردەوام دەبن لە هاوكاریكردن و جەنگی داعش كۆتایی نەهاتووە و پێشتریش وەزیری بەرگری بەلژیكا ئامادەیی خۆیانی بۆ بەردەوامیدان بە هاوكارییەكانیان دەربڕیووە و بەردەوام دەبن.

هاوكات لە برۆكسێلی پایتەختی بەلژیكاوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی گەلی كوردستان كرد و داوای لێكردن خۆیان ئامادە بكەن بۆ رۆژی ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ و بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكەن و بە ویژدانەوە دەنگی خۆیان بدەن.

لە پرێس کۆنفڕانسەکەدا، خێرت بۆرژوا، سەرۆكوەزیرانی فلاندەرز، دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان و هەڵوێستی ئەوان گوتی: من پاڵپشتی هەموو گەل و نەتەوەیەكم بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە لە ٢٥ـی ئەیلوول ڕیفراندۆم دەكەن و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕیفراندۆمێكی نافەرمیدا 98% بە بەڵی دەنگیان داوە و من پشتگیری هەموو پرۆسەیەكی دیموكراسی دەكەم و ئەمجارەیان حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی هەڵدەسێت، ئێمە دەبێت ڕێز لە بۆچوونی هەموو گەل و نەتەوەیەك بگرین و پێویستە هەموو كەسێك پشتگیری بكات، كوردستان پێگەیەكی ئارام و پێكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتەكانە و هەرێمێكی دەوڵەمەند و سەقامگیرە و ئێمە پشتگیری ئەو ڕیفراندۆمە دەكەین و چاوەڕێی حكوومەتی بەلژیكاین چاودێر بۆ پرۆسەكە بنیرێت.

دواتر بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆكی پارتە كریستییانەكانی پەرلەمانی ئەوروپا مانفرێد ڤێیەر كۆبوویەوە. لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ڕیفراندۆم و نوێترین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە خرانە بەر باس. دواتر سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ ریچارد چالنسكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لە هۆڵی پرۆتۆكۆلی پەرلەمانی ئەورووپا كۆبۆوە و پرسی ڕیفراندۆم تاوتوێ كرا.

سەرۆك بارزانی، لە برۆكسلی پایتەختی بەلژیكا، سەردانی ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری كرد كە لە شەڕی دژی داعش و بەرگریكردن لە كوردستان بریندارن بوون، بۆ چارەسەری پزیشكی رەوانەی برۆكسل كراون. لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ پێشمەرگە بریندارەكان خواست. پێشمەرگە بریندارەكان سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بەسەركردنەوە و هەواڵپرسینیان.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ نوێنەرەكانی حكوومەتی هەرێم لە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێبینی و ئامۆژگارییەكانی خۆی خستەڕوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو سەردانەدا شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم كە پێكهاتبوو لە (نه‌جمه‌دین كه‌ریم) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیی نیشتیمانیی کوردستان، (هوشیار زێبارى) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (دكتۆر محه‌ممه‌د هاودیانى) ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كگرتووى ئیسلامیی کوردستان، (محه‌ممه‌د سه‌عده‌دین) نوێنه‌رى توركمان، (وه‌حیده‌ یاقو هورمز) نوێنه‌رى كریستیانه‌كان، (شێخ شامۆ) نوێنه‌رى ئێزدییه‌كان و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

بۆ بینینی دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە پارلەمانی ئەوروپا ئێرە دابگرە





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 508  


iraq kurdistan
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری زاخۆ بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی جەماوەری بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە