سەرۆك بارزانی بۆ فڕانس 24


KRP.org | |


10/09/2016
بەڕێز بارزانی بەخێر بێن، لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە تایبەت، باسی شەڕی ئازادكردنی مووسڵتان كرد، چیتان لە فەڕەنسا داواكرد؟

سەرۆك بارزانی : بێگومان ئەم بابەتە هاوبەشە و گرنگی بۆ ئێمە و بۆ فەڕەنسیەكان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە،ئێمە لەبارەی بەهێزكردنی پەیوەندی نێوانمان و ئامادەكردنی هەموو پرسێكی پەیوەندیداری پێویست بۆ گەڕاندنەوەی مووسڵ، بەڵێ لەسەر زۆر شت رێككەوتین و هیچ خاڵێكی جیاوازمان نەبوو.

لەسەر چی ڕێككەوتن؟ئایا فەڕەنسا بڕێكی دیكەی چەكتان پێدەدات و چ جۆرە چەكێك؟

سەرۆك بارزانی : فەڕەنسا رۆڵێكی گرنگ لە چوارچێوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش دەبینێت و هێزێكی ئاسمانی گرنگ و كارای هەیە و لەو ماوەیەشدا كەتیبەیەكی تۆپهاوێژی دوورە مەودامان پێگەیشت كە ئەمەیان رۆڵێكی گرنگ لەم شەڕەدا دەبینێت.

بۆ پێشمەرگەیە یان بۆ سوپای عیراق؟

سەرۆك بارزانی : بۆ هەردوولا بۆ پێشمەرگە و سوپای عیراق واتا پاڵپشتی تۆپ هاوێژ بۆ هەردوولا فەراهەم دەكات، هەروەها چەندین تیمی شارەزای فەڕەنسی هەن یارمەتی پێشمەرگە و یارمەتی سوپای عیراق دەدەن.

هێزی تایبەتی فەڕەنسا زیاتر دەبن؟

سەرۆك بارزانی : ئەو پرسەمان نەخستە بەر باس بەڵام بارودۆخی مەیدانی بخوازێت پێموانیە فەڕەنسا لاری هەبێت.

پلانی ئازادكردنی مووسڵ ئامادەیە؟

سەرۆك بارزانی : لە ڕووی سەربازیەوە دەتوانم بڵێم ئامادەییەك هەیە بەڵام پرسی ئازادكردنی مووسڵ تەنها پرسێكی سەربازی نیە بەڵكو قۆناغی دوای ئازادكردنیشی گرنگە، ئەگەر بەر گرنگی خودی ئازادكردنی مووسڵ نەبێت لەو كەمتر نیە.

هیچ هەماهەنگیتان لەگەڵ بەغدا هەبووە لەبارەی پلانی سەربازیەوە؟

سەرۆك بارزانی : بەڵێ بێگومان، كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەركردایەتی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا هەبووە و هەردوولاش لەسەر پلانی سەربازی و رۆڵی هەر لایەنێك رێككەوتن كرا.

زەحمەتیەكە لە كوێدایە؟

سەرۆك بارزانی : چۆنێتی ئیدارەدانی شارەكە، پارێزگای نەینەوا فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەبە و ئەوەی لە مووسڵ روویدا بە تایبەتی لە دژی ئێزیدی و مەسیحیان كارەساتێك بوو بە هەموو واتای وشە. بۆیە پێویستە گەرەنتی ئەوە هەبێت ئەو كارەساتانە لە ئایندەدا دووبارە نەبێتەوە . پێویستە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا و خەڵكی ناوچەكە بكرێت بۆ ئەم مەبەستە.

پێشنیاری كێ دەكەن بۆ قۆناغی دوای داعش؟

سەرۆك بارزانی : پێشنیارەكان زۆرن بەڵام جارێ كاتی ئەوە نیە باسیان لێوە بكرێت، پێویستە لیژنەیەكی سیاسی لەم بوارەدا بكۆڵێتەوە.

كەی ئەم شەڕە دەستپێدەكات؟

سەرۆك بارزانی: جارێ ناتوانم باسی كات بكەم چونكە رێككەوتنی لەسەری نەكراوە، رێككەوتن نەكراوە بۆ دیاریكردنی كات لەم بارەیەوە.

كێ بەشداری ئەم شەڕە دەكات؟ ئایا حەشدی شەعبی و هێزە كوردیەكان بەشداری دەكەن؟

سەرۆك بارزانی : تا ئێستا ئەوانەی بەشداری لەم شەڕەدا دەكەن سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگەن، لەبارەی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتیمانیش ئەوە پێویستە رێككەوتنێك لەنێوان ئەوان و خەڵكی مووسڵ هەبێت بۆ دیاریكردنی رۆڵی هەر لایەنێك.

گەڕانەوەی مووسڵ لە كۆتایی ئەم ساڵەدا لەگەڵ ئەو ئیدارەی ئێستای مووسل جێبەجێ دەبێت؟

سەرۆك بارزانی : مومكینە ئازاد بكرێت بەڵام وەكو گوتم پێویستە ئامادەسازی و زەمینەسازی بۆ قۆناغی دوای مووسڵ بكرێت.

ئێوە وەكو هەرێمی كوردستان داوای چی دەكەن وەكو گەرەنتی لەبارەی كەركووك و شنگارەوە؟

سەرۆك بارزانی : ئێستا دەتوانم بڵێم ناوچە كوردستانیەكان بە تەواوی لە داعش پاك كراوەتەوە و سنووری كوردستان ئازاد كراوە لە داعش، هەندێك شوێنی دیكەش هەن بە پێی دەستوور بە ناوچە كێشە لەسەرەكان ناونراون و ئێمەش بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی ناو دەنێن. ئێمە كە بە پرسی ئاساییكردنەوەی بارودۆخ وسەرژمێری و ڕاپرسی رازی بووین مەسەلە ئەوە نەبوو گومانمان لە كوردستانیبوونی ئەو شوێن و ناوچانە هەبێت، بەڵام ئێمە لەسەر هەمان هەڵوێستین و پێویستە ریفراندۆم لەو ناوچانەدا بكرێت و ئێمەش رێز لە ویست و هەڵبژاردنی خەڵك دەكەین.

ئەی ریفراندۆمی چارەنووس و سەربەخۆیی كوردستان كەی ئەنجام دەدرێت؟

سەرۆك بارزانی : پێویستە پێشی هەر لایەنێك لەگەڵ بەغدا لەم بارەیەوە گفتوگۆ بكەین، ئێمە دەستمان بەو گفتوگۆیە كرد و هەر كاتێك بگەینە ئەنجام ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت.

هیچ كاتێكی دیاریكراو لەم بارەیەوە هەیە؟

سەرۆك بارزانی : ماوەكە كراوەیە لەم بارەیەوە، ئێمە ماوەیەكی كراوەی بۆ دەدەین

ساڵانێك مانگانێك واتا؟

سەرۆك بارزانی : نە ساڵان و نە مانگیش

لە توركیا دیدارتان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا هەبوو كە لە هەمان كاتدا شەڕی هێزی كوردی دەكات لە سوریا، چۆن ئەم باڵانسەتان پاراستووە؟

سەرۆك بارزانی : بێگومان شەڕكردنی هەر دەوڵەتێك لەگەڵ هەر لایەنێكی كوردی بۆ ئێمە قابیلی قبووڵ نیە بەڵام لە هەمان كاتیشدا هیچ قبووڵمان نیە لایەنێكی كوردی بە شەڕ كار بۆ بەدیهێنانی ویست و ئامانجە نەتەوەییەكان بكات . بە داخەوە تێكەڵییەك لە بارودۆخەكەدا هەیە لە بارەی پرسی كورد لە سووریا. بەڵام یەك لایەنی كوردی لە بارودۆخێكی تایبەت كۆنترۆڵی بارودۆخەكەیان كردووە و هەموو گروپ و لایەنەكانی دیكەیان رەتكردەوە و بوونە بەشێك لە پەكەكە و ئەمەش وای كرد توركیا ئەم هەڵوێستە لە دژی ئەوان وەربگرێت. دەبوایە خۆیان لە پەكەكە و هەرێمی كوردستان و هەموو رێكخراوەكانی دیكە جیا بكەنەوە و رێگایەكی تایبەت هەڵبژێرن.

پاڵپشتی ئەوان دەكەن بۆ سەربەخۆیی یان راگەیاندنی ئیدارەیەكی ئۆتۆنۆمی یانیش سەربەخۆیی؟

سەرۆك بارزانی: ئەگەر یەك هەڵوێستی لەبارەی هەر رێككەوتنێكەوە هەبێت ئێمە لەگەڵیداین.

بەڵام لە ساڵی 2013 رێككەوتنێك هەبوو لە هەولێر لەنێوان لایەنە سوریەكان و بەردەوام نەبوو؟

سەرۆك بارزانی: پەیەدە خۆی نەیهێشت ئەم رێككەوتنە بەردەوام بێت و لە دژی وەستا.

بەڵام هیچ پرۆژەیەكتان لەبەر دەستدا نیە بۆ گەڕاندنەوەی رێككەوتن؟

سەرۆك بارزانی: هەموو توانایەكمان دەخەینە گەڕ بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی هەولێر و دهۆك، ئەگەر لایەنەكان پابەندی ئەم مەسەلەیە بوون و یەك دەنگی و یەك هەڵوێستی لەبارەی بارودۆخی سیاسی خۆیانەوە هەبوو ئێمە پاڵپشتی هەر بڕیارێك دەكەین كە خۆیان بیدەن.

ئەگەر داوای سەربەخۆییان كرد؟

سەرۆك بارزانی: وابزانم بارودۆخی سیاسی وا گەشەی نەكردووە كە بڕیاری سەربەخۆیی بدەن، بەڵام هەر شتێك ئەوان بڕیاری لەبارەوە بدەن و هەر بڕیارێك گەلی كورد لە سووریا بیدات پاڵپشتی دەكەین، نەوەك بڕیارێكی سەپاوی یەك لایەن.

پاڵپشتی گەڕانەوەیان دەكەن بۆ رۆژهەڵاتی فورات وەك توركیا داوای دەكات؟

سەرۆك بارزانی: ئەوە بڕیاری خۆیانە و خۆیان دەبێ بڕیار بدەن بەرەو كوێ دەڕۆن و لە كوێ دەگیرسێنەوە چونكە ئەم پرسە تەنها پەیوەندی بە كوردەوە نیە.

لە توركیا باسی ئەوەتان كرد كە ناوچەكە گۆڕانكاری زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، مەبەستتان گۆڕانی نەخشەیە؟

سەرۆك بارزانی : ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاری هەنگاو دەنێت و بە شێوەیەكی رۆژانە، من پێموایە نەخشەی تازە دەبێت لە ناوچەكە.

دابەشكاری؟

سەرۆك بارزانی: دابەشكاری هەیە و رون و ئاشكراشە، سوریا دابەش كراوە، ئایا سوریا یەكگرتووە؟ بێگومان نەخێر و هیچ كاتێك بۆ رابردووی خۆی ناگەڕێتەوە، من ئەوەی بزانم سوریا بە شێوازێكی دیكە بەڕێوە دەچێت، من نازانم چۆنە بەڵام بە شێوازێكی دیكە ئیدارە دەدرێت.

لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانی عیراقەوە، هیچ پاڵپشتیەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆی؟ ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمەریكا فەڕەنسا و ئەورووپا بە گشتی باشە، ئەوان پاڵپشتی ریفڕاندۆم دەكەن؟

سەرۆك بارزانی: ئێمە لە ئەمەریكا یانیش ئەورووپا هەر كەسێك لەگەڵ دابنیشین باسی ئەو پرسەی لەگەڵ دا دەكە ین، هیچ ناڕەزاییەكم لەم بارەیەوە نەبیست تەنانەت كەس دژایەتیشی نیشان نەداوە بەڵام بۆچوونەكان جیاوازن، هەیە پێی وایە بارودۆخ و كاتەكە گونجاو نیە هەیە پێی وایە ناوچەكە گرفتی زۆرە و بەرگەی گرفتی دیكە ناگرێت، بەڵام ئێمە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین چارەسەرێك كە برایەتی كورد و عەرەب بەهێز بكات ، ئێمە نەبووینە هاوبەشی باش و سەركەوتوو لەگەڵ حكومەتی ناوەند با ببینە دراوسێیەكی باش لەگەڵ یەكتر. من دژایەتیەكم لەمبارەیەوە نەبیست بەڵام هەیە بە ئاشكرا پاڵپشتی دەكات و هەشە ئامادەیە بۆ پاڵپشتیكردن ئەگەر هەولێر و بەغدا رێككەوتن هەشە دەڵێ ناوچەكە گرفتی زۆرە.

ئێرانیش هەمان بۆچوونی هەیە؟

سەرۆك بارزانی: لە كاتی سەردانم بۆ ئێران باسی ئەو پرسە دەكەم و كە چوومە لایان من دەزانم ئەوان چ دەڵێن.

ئەی توركیا؟

سەرۆك بارزانی: توركیا هیچ كۆمێنتێكی نەبوو، نە بە ڕازی بوون و نە بە دژایەتی.

دوا پرسیار بەڕێز بارزانی، دەزانین گرفتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كەی دەكرێت؟

سەرۆك بارزانی: هەر كاتێك هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ من هیچ گرفتێك نابێت و هیچ رێگریەك ناكەم و تەگەرەش ناخەمە بەردەم پرۆسەكە و من ئامادەم بۆ راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردن تەنانەت ئەگەر دوای مانگێكیش بێت ئەگەر كۆمیسیۆن بڕیاری لەسەر دا و حزبەكان لەسەری رێككەوتن.

كەواتە بە بڕیاری لایەنە سیاسیەكانەوە پەیوەستە نەوەكو هەڵوێستی سەرۆك مسعود بارزانی؟

سەرۆك بارزانی: بەڵێ بێگومان وایە بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و سەرۆك هەڵبژێرێت یانیش ریفڕاندۆم بكرێت بەوەی ئایا میللەت بەوە ڕازیە لەپەرلەمان سەرۆك هەڵبژێردرێت یانیش لە رێگەی هەڵبژاردنێكی جەماوەریەوە ئەمەش مەرجێكە بۆ هەڵبژاردن چونكە ناكرێ كۆمەڵە حزبێك ئەو بڕیارە بدەن بەڵكو پێویستە میللەت بڕیاری خۆی بدات.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1411