گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێم وەڵامی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەداتەوە


KRP.org | |


11/04/2013
هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رۆژی ١٠ی نیسان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەوان درێژكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كاندید كردنه‌وه‌ی‌ سەرۆک بارزانی‌ ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. لە کاتێکدا کە دەیانزانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەک هەر داوای درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی نەکردووە بەڵکو لە ڕوانگەی بڕوابوونی و ڕێزگرتنی زۆری بۆ سەروەریی یاسا رۆژی ٨/٤/٢٠١٣ لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، پێیڕاگەیاندوون کە دەبێ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە وادەی یاسایی خۆیدا بێت و لە ٨/٩/٢٠١٣ تێپەڕ نەکات. ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە دەستخۆشی لە بڕیاری جەنابی سەرۆک بکەن نەوەک موزایەدەی سیاسی و چەواشەکاری بکەن.

ئێمە داوا لە ئۆپۆزیسیۆن دەکەین کە لە ئاستی بەپرسیارێتیدا بن و قەبارەی خۆیان بزانن کە ئەوان نوێنەری کەمینەیەکن و مافی ئەوەیان نییە خۆیان بکەن بە وەکیلی خەڵکی کوردستان.

هەروەها لە وەڵامی به‌رپرسی ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش کە دەڵێت گوایە "لە ژێر فشاری لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەت گۆڕاندا بارزانی نامەی بۆ کۆمسیۆن نووسیوە"، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەوان خۆشیان دەزانن گۆڕان ئەو هێزە نییە کە بتوانێ فشار دروست بکات.
لە کۆتاییدا دڵنیاین کە خەڵکی کوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.

د.ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
11_4_2013







SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1220