بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو


KRP.org | |


16/09/2017
به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی ده‌یان هه‌زار كه‌س، له‌ یاریگای دهۆك رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی زاخۆ و دهۆك و ئامێدی، بڕیاری خۆتان دا و گوتتان به‌ڵێ.

ڕۆژی شەممە ١٦ـی٩ـی٢٠١٧، بە بەشداریی سەرۆک بارزانی کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە یاریگای شاری دهۆک بەڕێوەچوو کە نزیکەی پەنجاهەزار هاووڵاتیی شاری دهۆک و شێخان و سێمێل تیایدا بەشداربوون.

سه‌رۆك بارزانی لە وتەیەکدا سوپاسی دانیشتووانی پارێزگای دهۆكی كرد و رایگه‌یاند، بۆ پێشوازی له‌ ئاواره‌ و پاڵپشتیكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر، سه‌ری كوردستاندا به‌رز كرد.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، بڕیاری ٧ـی حوزه‌یران، بڕیاری تاكه‌كه‌سێك نییه‌، به‌ڵكو بڕیاری گه‌لێكه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند: ئەگەر باوەڕمان هەبووایە بارودۆخی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە، رەنگە رۆژی 7 ی حوزەیران بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسیمان نەدابووایە، بەڵام باوەڕتان هەبێت ئەمڕۆ لە بەغدا هەموو بەرنامەی ئەوان ئەوەیە بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبدەن و ئەو دەستکەوتانەی هەن جارێکی دیکە لە میللەتی کوردستانیان بستێننەوە، پێشئەوەی ئەوان ئەو پیلانە بەرامبەر خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن، خەڵکی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئێمە چیدیکە بندەستی و پلانداڕێژی دژی ئایندەمان قبوڵ ناکەین. راشیگه‌یاند، دوای 2003 هیواخوازبووین عێراقێكی تازه‌ دروست ببێت، به‌ڵام زۆری پێنه‌چوو سه‌لماندیان هه‌مان عه‌قڵییه‌ت له‌ به‌غدان کە نكۆڵی له‌ بوونی مافی كورد ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌ بڕینی نانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نفالێكی دیكه‌ رووبه‌ڕووی كوردستان بووه‌وه‌ و ده‌بوایه‌ بزانن له‌و رۆژه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ درا، ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان به‌وانه‌وه‌ نه‌ما.

راشیگه‌یاند، بیانووی ئه‌وه‌ ده‌گیرا، كه‌ په‌رله‌مان بڕیاری لەبارەی ڕیفراندۆمەوە نه‌داوه‌، سه‌ره‌ڕای ده‌ستخۆشی بۆ په‌رله‌مانتاران، سەرۆک بارزانی روونی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش په‌رله‌مانیش بڕیاری دا و هیچ بیانووێكی دیكه‌ نه‌ما.

سه‌رۆك بارزانی، راشیگه‌یاند، جێگه‌ی داخه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ندێك كه‌س به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز قسه‌ ده‌كه‌ن و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ستووری نییه‌، كه‌ خۆیان پێشێلیان كردووه‌.

گوتیشی، ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌س ناكه‌ین و هیچ ئه‌نجامێكی نییه‌، به‌ڵام با به‌ شێوازێكی ئاشتییانه‌ گفتوگۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ بكه‌ین.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێستا له‌ عێراقدا باسی زۆرینه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ ده‌زانین زۆرینه‌ی سیاسی واتای چییه‌. سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە کە په‌رله‌مانی عێراق ئێستا فیدرالی نییه‌ و كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست گرووپێكی شۆڤینی و جه‌ختیشی كرده‌وه هیچ ئیعتیبارێك بۆ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی شۆڤێنی به‌غدا له‌ كوردستان نییه‌.

سەرۆک بارزانی بارزانی راشیگه‌یاند، دوو رێگه‌مان له‌به‌ر ده‌مه‌، یان سه‌ربه‌خۆیی یان ژێرده‌سته‌یی، ئێمه‌ش خیانه‌ت له‌ خوێنی شه‌هیدان ناكه‌ین و ژێرده‌ستی قه‌بووڵ ناكه‌ین. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌، شه‌ڕ شه‌ڕی ئیراده‌یه‌ و پێمان وایه‌ ئیراده‌ی ئه‌م گه‌له‌، له‌ هه‌موو چه‌كێك به‌ هێزتره‌.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند کە پرسی ریفراندۆم تازه‌ نییه‌ و له‌ ساڵی 2015 له‌ كۆشكی سپی ئه‌و بابه‌ته‌م له‌گه‌ڵ باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا باس كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاتێك وڵاتان دێن باسی قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ سوپاسیان دەکەین، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین ئه‌وان رێز له‌ خوێنی شه‌هیدان و ماندووبوونی گه‌لی كوردستان بگرن.

روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان رێگه‌ نه‌دات به‌ ئاشكرا پشتیوانی خۆیان بۆ ریفراندۆم و مافی ره‌وای گه‌لی كورد رابگه‌یه‌نن ئەوە شتێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام بەرپرسێکی دەرەوە بێت و لەبه‌ر‌ وڵاتانی ئێره‌ و ئه‌وێ، بڵێت ئەوە ده‌ستووری نییه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بوڵ ناكه‌ین، ئێمه‌ ره‌وایه‌تی و شه‌رعییه‌تی ریفراندۆم له‌ خوێنی شه‌هیدان وه‌رده‌گرین، نه‌ك هیچ كه‌سێكی دیكه‌.

سەرۆک بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی داهاتووی كوردستان، ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی ده‌بێت و مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی تێدا ده‌پارێزرێت و زه‌مانه‌تیش ده‌كه‌ین.

روونیشی كرده‌وه‌، كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا نییه‌، ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بووه‌ كه‌ له‌ عێراق له‌سه‌ر حوكم بوونه‌.

هیواشی خواست، ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی بووه‌ته‌ جێگه‌ی شانازییمان، فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كتر قه‌بوڵكردن، پێویسته‌ پاریزگاری لێبكرێت و سووكایه‌تی و بێڕێزی به‌ پیرۆزییه‌كانی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ نه‌كه‌ن.

گوتیشی زمانی هه‌ڕه‌شه‌ به‌رامبه‌ر به‌كه‌س به‌كارناهێنین و له‌ كه‌سیش قه‌بووڵ ناكه‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ش مافی به‌رگریمان هه‌یه‌.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان هه‌بێت و سه‌لماندوومانه‌ ئێمە هۆکاری ئارامی و سه‌قامگیریین، به‌ڵام ئێمه‌ حه‌زده‌كه‌ین بزانین كه‌ی وڵاتانی دراوسێ ئەوەندە په‌رۆشی یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ری و ده‌ستووری عێراق بوونه‌؟.

سه‌رۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریکا و هاوپه‌یمانانی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ شه‌ڕی داعش هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووه‌ و ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین بەڵام بح هەموو جیهانیش دەرکەوت کە پێشمەرگەی قارەمان بەو چەکە کەمەی لەبەردەستیان بوو توانییان ئەفسانەی داعش تێکبشکێنن و ئەوە جێگەی شانازییە بۆ خەڵکی کوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق رایگه‌یاند، پارێزگاری له‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ ده‌كه‌ین و سوودی بۆ کوردستان و عێراقیش هه‌یه‌.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کاتی ئەوەیە بڵێین ئیدی بەسە و نامانەوێ جارێکی دیکە ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژ بکرێین. ده‌مانه‌وێ نه‌وه‌ی داهاتوو به‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بژی و ئه‌و باخه‌ی به‌ خوێنی هەزاران شەهید ئاودراوه‌، کاتی ئەوەیە به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنین.

دووپاتیشی كرده‌وه‌، تا ئێستا ئه‌و به‌دیله‌ی جێگه‌ی ریفراندۆم بگرێته‌وه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ستمان، بۆیە له‌ رۆژی 25ی ئه‌یلوول بڕۆنه‌ سه‌ر سندووق و بڕیاری خۆتان بدەن.

بۆ بیستنی دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەنجە لیرە دابگرە.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 236  


iraq kurdistan
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد