سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد


KRP.org | |


15/09/2017
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ره‌خنه‌ی له‌و وڵات و لایه‌نانه‌ گرت كه‌ داوای دواخستنی ریفراندۆمی كوردستان ده‌كه‌ن و دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ گه‌لی كوردستان شه‌رعیه‌ت به‌ ریفراندۆم ده‌دات نه‌ وڵاتانی دیكه‌. ڕاشیگەیاند کە وامان ده‌زانى له‌ پاداشتى ئه‌و هه‌موو خوێن و شه‌هيده‌ و دواى شكاندنى ئه‌فسانه‌ى داعش، دێن ده‌ڵێن سه‌ربه‌خۆيى مافى ئێوه‌يه‌، ئه‌ى كوا مه‌بده‌ء و بڕواتان به‌ ئازادى و مافى مرۆڤ و ديموكراسى گه‌لان؟ مادام ئێوه‌ به‌و جۆره‌ن حساب بۆ ره‌ئى يه‌ك به‌شه‌ر ناكه‌ين.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا هات کە رۆژی هەینی ١٥ـی٩ـی٢٠١٧ لە ئامێدی بۆ پشتیوانیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو.

سەرۆک بارزانی هۆکارەکانی بڕیاری گەلی کوردستانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و باسی قۆناخەکانی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ گەلی کوردستان و ئەو کارەساتانەی کرد کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون و ڕوونی کردەوە کە بەداخەوە بەهۆی زاڵبوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و نکۆڵیکاری هەموو هەوڵەکانمان بۆ بونیادنانی شەراکەتی ڕاستەقینە و دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات و فیدڕاڵ شکستی هێنا. سەرۆک بارزانی بە درێژی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە وایان کرد گەلی کوردستان ئەو بڕیارە بدات، دوای ئەوەی هەموو ڕێگاکان تاقی کرانەوە، دەستوور پێشێل کرا، تەوافق و شەراکەت نەما و هاوسەنگی نەما.

سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەوان شەراکەت قبوڵ ناکەن و ئێمەش دوای ئەو هەموو شەهید و قوربانیدانە خزمەتکاریی قبوڵ ناکەین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ئەو دەستوورەی ئەوان پێشێلیان کرد، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگری عێراق، ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ پەرلەمانی عێراق خەریک بووین یاسایەک بۆ پێشمەرگە دابنرێت و بەشی پێشمەرگە لە میزانییە و چەک بێت، هەر دەستاودەستیان پێ کرد و جێبەجێیان نەکرد. بەڵام لەماوەی 2 سەعاتدا یاسای حەشدی شەعبیان تێپەڕاند.

سەرۆک بارزانی باسی سەردەمی نووسینەوەی دەستووری عێراقی کرد و ڕایگەیاند ساڵی ٢٠٠٥ من ٥٣ ڕۆژ لە بەغدا مامەوە و لەو ماوەیەدا ٣٦ مووشەک لە بارەگاکەی ئێمە درا و پاسەوانیشم شەهید و بریندار بوون، بەڵام ماینەوە بۆ ئەوەی ئەو دەستوورە بنووسرێتەوە تا ئێمە و خەڵکی تریش بحەسێنەوە. ئێمە بە مادەی ١٤٠ رازی بووین نەک لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە نەبێت، بەڵکوو گوتمان مادام ڕێگەیەکی دەستووری و یاسایی هەیە ئێمەش پێمان خۆشە بە ڕێگەیەکی ئاشتیانە و لەسەر بنەی ڕێزگرتنی بەرانبەر جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوان پێشێلیان کرد و دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێ کرا بەڵام گوتیان مادەی ١٤٠ مرد.

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی بەغدا تازە دەستووریان وەبیر هاتۆتەوە و دەڵێ ئەوە دەستووری نییە. لەکاتێکدا ئەو دەستوورە هەر هەبوو و پێشلتان کرد و لەبیرتان کرد. بۆچی باسی ئەو فەقەرەیەی دەستوور ناکەن کە دەڵێ: ان الالتزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحادە الاختیاری. ئەوانەی عەرەبی باش دەزانن باش لێی ورد بنەوە، دەڵێ اتحادە الحر. واتە پێکەوە ژیانێکی ئارەزوومەندانە. بەڵام ئەوان برایەتی و شەراکەتیان قبوڵ نەکرد کەواتە با ڕێگا بەردەن هەریەکەمان لە ماڵی خۆمان دۆستی یەکتر و برای یەکتری دەبین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا باسی زۆرینەی سیاسی دەکەن، زۆرینەی سیاسی واتە نەهیشتنی پەرلەمانی فیدراڵی و گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کۆمەڵە شۆڤینییەک. هەروەک سەلماندیان، بە ڕێگەنەدان بۆ دەرچوونی یاسایەک بۆ پێشمەرگە و نەدانی مافی پێشمەرگە لەچی بە دووسەعات یاسایان بۆ حەشدی شەعبی دەرکرد، هەروەها یاسایان دژی ڕیفراندۆم دەرکرد و بڕیاریان دا لەبەر هەڵوێستی نیشتیمانی، پارێزگاری کەرکووک لەسەر کار لاببەن. سەرۆک بارزانی گوتی: وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە، ئەو پەرلەمانەی بەم شێوەیە کە بەناوی زۆرینە هەرچی بیانهەوێ بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێنن، ئێمەش پێیان دەڵێین بڕیارەکانتان ناگەنە کوردستان و خۆتان ماندوو مەکەن.

سه‌رۆك بارزانى سه‌باره‌ت به‌ داواكارى بۆ كشانه‌وه‌ى كورد بۆ هێڵى سه‌وز، گوتى: كێ وتوويه‌تى ئه‌وه‌ سنوورى كوردستانه‌ و ئێمه‌ ئاماده‌ نين يه‌ك ده‌قيقه‌ش موناقه‌شه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ين و ته‌نيا له‌ شه‌ڕى داعشدا ده‌يان رۆڵه‌مان له‌ پێناو ئه‌و خاكه‌ شه‌هيد بووه‌ و يان سه‌ربه‌خۆيى يان ژێر ده‌سته‌يى قبوڵ ناكه‌ين.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌م بڕياره‌مان به‌ڵێ موجازه‌فه‌ى تێدايه‌، به‌ڵام موجازه‌فه‌ى چاوه‌ڕوانى گه‌لێك مه‌ترسيدارتره‌ له‌وه‌ى بڕيار بده‌ين. مه‌سه‌له‌كه‌ ئيراده‌يه‌ و كاتى ئه‌وه‌يه‌ ئيراده‌ى به‌هێزمان هه‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش هه‌بێت ده‌ستكه‌وتى مه‌زن به‌ده‌ست ده‌هێنين.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى نێوده‌وڵه‌تى، سەرۆک بارزانی گوتى: بێگومان ئێوه‌ش ئاگادارن و پرسى ريفراندۆم بووه‌ته‌ بابه‌تى گرنگ له‌ ميدياى جيهانيدا. ئێمە هه‌رگيز نه‌مانگوتووه‌ ئه‌م یا ئەو وڵاته‌ به‌ڵێنى داوه‌ و سه‌ربه‌خۆييمان به‌ ديارى ده‌داتێ و ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ماى ئه‌وه‌ش بين بێن بڵێن فەرموون گەلی کوردستان ئەوە دەوڵەت بۆ ئێوە، هه‌تا دنيا ماوه‌ نايبينين و پێويسته‌ ئێمه‌ داواى مافى خۆمان بكه‌ين و ئه‌و خوێنه‌ى گه‌لى كوردستان داويه‌تى شياوى 10 سه‌ربه‌خۆييه‌ نه‌ك يه‌ك، كه‌سيش نه‌هاتووه‌ بڵێت دژى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانين و ته‌نيا ده‌ڵێن ئێستا كاتى نييه‌، ئه‌ى كەی كاتييه‌تى؟ هيچ وه‌ڵاميان نييه‌.

لەبارەی دەنگۆی دواخستنی ڕیفراندۆم، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: یەک داواتان لێدەم زۆر خۆتان بە هەواڵ و لێدوانەکانی تەلەڤزیۆنەکان سەرقاڵ مەکەن، تاوەکو ئێستا ئەو بەدیلەی شوێنی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەهاتووە، ڕیفراندۆم ئامرازە بۆ سەربەخۆبوون و ئامانج نییە، سەربەخۆیی ئامانجی ئێمەیە، بفەرموون لەجیاتی ڕیفراندۆم ئەو بەدیلە بۆ ئێمە بێنن، ڕیفراندۆم هەر پێویست ناکات، بەڵام پێمان بڵێن ڕیفراندۆم دوابخەن و ئەمە و ئەوەتان بۆ دەکەین، ئێمە زۆر بەڵێنمان پێدراون بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون، بۆیە ڕیفراندۆم دواناخەین"

هەروەها گوتیشی: بیستوومە لە ئەنجامی گفتوگۆکان دوودڵییەک پەیدابووە، خەڵکی کوردستان شەرعییەت بە ڕیفراندۆم دەدات نەک لەدەرەوە شەرعییەتمان پێبدەن، پرسیاری ئێمەش بۆ ئەوان ئەوەیە: ئەگەر داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەکەن و هیچ بەدیلێکیش نادەن، کوا مەبادیئەکانی ئێوە؟ کوا بانگەشەکانتان بۆ مافی مرۆڤ؟ کوا بانگەشەکانتان بۆ دیموکراسی؟ ئێمە لەپاداشتی خوێنی شەهیدان و شکاندنی ئوستوورەی داعش چاوەڕێمان دەکرد بێن و بڵێن مافی خۆتانە، مادام ئەوان بەرهەڵستیمان دەکەن، ئێمەش هیچ حیسابێک بۆ رەئی ئەوان ناکەین.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: ڕاسپاردەی من ئەوەیە خۆراگر بن و گوێ مەدەنە قسە و قسەڵۆک و لیدوانی ئەم و ئەو. ئیرادەتان بەهێز بێت. ئێمە بەرەو ڕیفراندۆم دەچین و پشت بەخوا گیانی شەهیدان شاد دەکەین و دڵی دایکی شەهیدان خۆش دەکەین و قەرزی شەهیدان و قارەمانان بدەینەوە کە ئەویش تەنها بە سەربەخۆیی دەبێت، ئەگەرنا وەک ئەو شەهیدانە سەری خۆمانی لەسەر دادەنێین.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە نابێ ئەو هەڕەشانەی دەکرێن و ئینکارکردنی مافی ئێمە لەلایەن خەڵکانی دیکەوە ببنە هۆی ئەوەی فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێمە تێک بدات، پێویستە ئێمە لەسەر برایەتی بەردەوام بین، برایەتی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن. نابێ بێڕێزی بەرانبەر ئاڵا و ڕەمزی هیچ لایەنێک بکرێت. سووتاندنی ئاڵا کارێکی هەڵەیە و لە ڕەوشتی بەرزی گەلی کوردستاندا نییە و نابێ کاری وا بکرێت.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند کە بڕیاری ریفراندۆم بڕیارێکی بوێر بوو و بڕیاری یەک کەس و یەک حزب و دوو حزب نییە، بریاری گەلی کوردستانە و ئەوەی نەیهەوێ لەو شەرەفەدا بەشدار بێت ئەوە بۆخۆیان دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییشدا سەرۆک بارزانی پشت بەخوا دەوڵەتی داهاتوو دەوڵەتی فیدراڵی و دیموکراتی دەبێت بۆ هەموومان بێ جیاوازی و بە یەکسانی بۆ کورد و عەرەب وتورکمان و مسوڵمان و مەسیحی، هەموو پیکەوە.

بۆ بیستنی دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی پەنجە لیرە دابگرە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 322