سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا دەكات


KRP.org | |


12/04/2017
ڕۆژی چوارشەممە 12ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە تۆبیاس ئیڵ وۆد وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا له وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و فرانك بەیكەر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و چەند ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆك وەزیرانی بریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر بڕیار و ڕاسپاردەكانی لیژنەی ئاساییشی بریتانیا كە جەخت لە هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتەوە وەك هێزێكی كاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. هەروەها شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی موسڵ.

لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی نیگەرانییەكانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت. هەروەها لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و پەیوەست بەم باسەوە پێشنیار و ڕێگەچارەكان تاوتوێ كران.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 154