سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی سەندیكا و رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە


KRP.org | |


21/08/2017
ڕۆژی دووشەممە 21ـی 8ـی 2017 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی سەندیكا و رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی هەرێمی كوردستان و چالاكانی بوارە جیاجیاكانی پرسە مەدەنی و مرۆییەكان كۆبوویەوە و وتارێكی پێشكەش كرد، لە گوتارەكەیدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تیشكی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و هۆكارەكانی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و ئاماژەی بە قۆناغە جیایاكانی رابردووی گەلی كورد دا لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق. هەر لە میانی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند "ئەو شاندەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كە بۆ گفتوگۆ چوونەتە بەغدا، بۆ پرسی فیدراڵیەت و بوودجەی هەرێمی كوردستان نەچوون، بەڵكو بۆ قسەكردن لەبارەی ریفراندۆم چوونەتە بەغدا. جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە لە ژێر هیچ فشارێكدا ریفراندۆم دواناخرێت و لە 25/9/2017 ئەنجام دەدرێت".

سەرۆك بارزانی جەختی لەوەش كردەوە "لە ژێر هیچ فشاریكدا ریفراندۆم دواناخەین، ئەوانەی دەڵێن كاتەكە گونجاو نییە، ئێمەش پێیان دەڵێن "ئەی كاتەكە كەیە و جێگرەوەی باشتر چییە؟". لە درێژەی گوتارەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: پێم سەیرە هەندێك وڵات داواكاریی سەربەخۆیی رەتدەكەنەوە. هەروەها گوتیشی: لە دەستووردا باسكراوە كە یەكپارچەیی خاكی عێراق، بەندە بە جێبەجێكردنی دەستوورەكەیەوە، بۆیە بۆ بەغدا لەجێی خۆی نییه باسی دەستوور بكات لە كاتێكدا هەموو بڕگەكانی ژێرپێی ناوە". دوای وتارەكەش سەرۆك بارزانی گوێی لە بۆچوون و را و رەخنەی ژمارەیەك لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە گرت و وەڵامی پرسیار و سەرنجەكانی دانەوە.

بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكانی كوردستان ئێرە دابگرە




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 371