سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەكات


KRP.org | |


20/04/2017
ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیگمار گابڕیێڵ جێگری ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ڕینهۆڵد ڕۆب ئەندامی پارلەمانی ئەڵمانیا و فرانز جوزێف كرێمپ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و مارك ئیكهۆرن كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كرد كە شەڕی تیرۆریستانیان كردووە و جیهانیان پاراستووە، هەروەها ستاییشی خۆڕاگری و قوربانیدانی خەڵكی كوردستانی كرد لەو شەڕەدا و پێزانینیشی بۆ ئازایەتی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە و گەیاندنی پێداویستیی پزیشكی و هەروەها پاككردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان لە مین و پاشماوەی تیرۆریستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە یارمەتیدەر و پشتیوانی گەلی كوردستانن لە شەڕی تیرۆر و لە وتەیەكدا باسی لە پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی تیرۆریستاندا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی مەیدانیی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش و تەحەدیات و گرفتەكانی ئەو قۆناغه تاوتوێ كرا.

ئاییندەی هەرێمی كوردستان و ڕیفراندۆم تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و بە دوورودرێژی باسی مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق كرا لە سەد ساڵی ڕابردوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ ئەوەیە كە جیهان ڕای كوردستانیان لەبارەی ئاییندەی كوردستان بزانێت و جەختی لەوە كردەوە پڕۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پڕۆسەیەكی ئاشتیانە و لەڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەییشتن دەبێت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشە و گرفتەكانە.

لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پرێسكۆنفرانسێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

بۆ بینینی پرێسكۆنفرانسەكە ئێرە دابگرە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 131