سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەكات


KRP.org | |


30/10/2017
ڕۆژی دووشەممە 30ـی 10ـی 2017 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سیریل نان باڵیۆزی ئەڵمانیا و بروونۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و كوردستان و هەروەها دوایین گۆڕانكارییەكان و پەلاماردانی هێزەكای حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقی بۆ سەر كوردستان تاوتوێ كرا. هەروەها باڵیۆزانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هەڵگری پەیامی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەشی وڵاتەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا هەردوو باڵیۆزی ئەڵمانیا و فەڕەنسا جەختیان لە بایەخ و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە و ڕاشیانگەیاند كە لە نزیكەوە چاودێریی بارودۆخەكە و هەموو جۆرە ڕێككەوتن و دانوستاندنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن و هیوایان خواست كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا و فەڕەنسای كرد و لە وتەیەكدا بارودۆخی مەیدانی و دوایین پێشهاتەكان و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندی میوان باس كرد. پەیوەست بە گرژی و پێكدادانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە سیاسەتی هەرێم دیالۆگ و گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشەكانە بە شێوەیەكی ئاشتیانە بەڵام ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە زمانی شەڕ و هەڕەشە و خۆسەپاندن و شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردستان ئەوە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بە هەموو توانایەك بەرگری لە كەرامەت و شكۆی كوردستان دەكەن. سەرۆك بارزانی ئیجرائات و شەڕفرۆشتنی حكوومەتی عێراق و میلیشیاكانی بە نایاسایی و نادەستووری وەسف كرد و ڕایگەیاند كە بەپێی دەستوور بە هیچ شێوەیەك نابێ هێزی سەربازی بۆ ناكۆكی سیاسی و لەدژی گەلی كوردستان بەكار بهێندرێت. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێمە لەگەڵ خوێنڕشتن نین و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشڕەوی و نیەتی خەراپی حكوومەتی عێراق وای كرد كە پێشمەرگە بەرگری بكات و شەڕ بكات.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 659