سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی شاندێ بۆ گفتوگۆ كۆبۆوە


KRP.org | |


06/07/2017
ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی 7ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك لە ئەندامانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی (شاندێك بۆ گفتوگۆ) كرد كە پێكهاتبوو لە قوتابی و توێژەرانی بواری زانستی و فەلسەفەی سیاسیی لە وڵاتانی ئەوروپا.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە وردی ئەو هۆكارانەی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و ڕۆشنایی خستەسەر مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی كە لە لایەن حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقی بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون و ڕایگەیاند كە دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی گەلی كوردستان و عێراق بنیات نرا بەڵام ئەو شەراكەتە پێشێل كرا و بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە ئەنفال و جینۆساید و وێرانكاری و كیمیاباران بووە و لە قۆناغی دوای 2003ـیش گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ئارزومەندانە بڕیاری دا كە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق یەك بگرێتەوە و ڕۆڵێكی سەرەكی بینی لە بنیاتنانەوەی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بۆ عێراقی فیدرالی و دیموكراتی بەڵام بەداخەوە دەستوور پێشێل كرا و كار گەییشتە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان و تەنانەت شیری منداڵانی كوردستانیش. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بە پێچەوانەی ڕێككەوتنەكان پێشمەرگە كە بەشێك بوو لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لە لایەن حكوومەتی عێراقی ئابڵوقەی خرایە سەر و لە سەرەتای شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی نەبوو بەرگریی لە كوردستان بكات. سەرۆك بارزانی سوپاسی هاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمانی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ئەفسانەی داعشی تێكشكاند. سەبارەت بە ئاییندەی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە مادام پڕەنسیبی شەراكەت و دەستوور پێشێل كراوە گەلی كوردستان نایەوێ چیتر پاشكۆ و ژێردەست بێت و بكەوێتە نێو بازنەی بێكۆتایی شەڕ و توندوتیژی و ئەزموونی شكستخواردووی سەد ساڵی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ویست و داواكارییەكانی گەلی كوردستان لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ و دوور لە توندوتیژی پیادە دەكرێت و ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ڕێگە لە قووڵتربوونی گرفتاكان و شەڕی دیكە دەگرێت و دەمانەوێ بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێكانمان و گەلانی ناوچەكە بژیین.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا قوتابی و توێژەرە بەشداربووەكان چەند پرسیارێكیان لەبارەی سیستەمی سیاسی و ڕیفراندۆم و ئەگەر و پێشهاتەكان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە و پەیوەست بە چارەنووس و مافی پێكهاتەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە گەرەنتییەكی تەواو دەدەین كە كوردستان ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و پێكهاتەكان هەر چۆنێك بیانەوێ و بە چی دڵنیا دەبن، بەمشێوەیە لەگەڵیاندا دەژیین. لەبارەی ناوچە دابڕێندراوەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێمیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی عێراق جێبەجێكردنی مادەی 140 پشتگوێ خست و ئێستایش دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بەشداری لە ڕیفراندۆم دەكەن و پێویستە هەموو لایەكیش ڕێزی ئەو بڕیارە بگرن.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 241