سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین و كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كاسبكاری شاری هه‌ولێر كۆبوویەوە


KRP.org | |


22/08/2017
رۆژی سێ شه‌ممه‌ 22ـی8ـی 2017 له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین و كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و كاسبكاری شاری هه‌ولێر كۆبوویەوە وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

له‌سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو رێگاكانی كرد له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌موو رێگایه‌كمان تاقیكرده‌وه‌، لامه‌ركه‌زیه‌ت و ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی، ئه‌نجامه‌كه‌ی په‌راوێزخستنی گه‌لی كوردستان بووه‌. بۆیه‌ هیچ رێگایه‌ك نه‌ماوه‌ كورد په‌یڕه‌وی نه‌كات، به‌شی ئێمه‌ هه‌ر كاره‌سات و زوڵم و ئه‌نفال كیمیاباران و روخاندنی گونده‌كانمان بووه‌ و باسی له‌ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ش كرد كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتووه‌ و له‌ساڵی 1982دا‌ 12 هه‌زار گه‌نجی فه‌یلی بێسه‌روشوێن كران و دوای رووخانی رژێمی به‌عس ده‌ركه‌وت له‌ سنوری نێوان عێراق و سوریا چه‌كی كیمیاویان له‌سه‌ر تاقیكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌ 182 هه‌زار ئه‌نفال و 8 هه‌زار ئه‌نفالی بارزانیه‌كان و كیمیبارانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كوردستان و به‌تایبه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید كه‌ 500 هه‌زار هاووڵاتی سڤیل به‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك شه‌هید كران.

سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ ره‌وشت به‌رزی و گیانی لێبورده‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، خه‌ڵكی كوردستان سه‌لماندیان میلله‌تێكی ره‌وشت به‌رز و لێبورده‌ن، له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی 1991دا، دوو فه‌یله‌قی سوپای ئه‌وكاتی عێراق كه‌وته‌ ده‌ست خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵام به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ گه‌ڕێندرانه‌وه‌، ئه‌و دوو فه‌یله‌قه‌ له‌و هێزانه‌ بوون ده‌ستیان به‌ خوێنی كورد سوربوو، به‌ڵام ره‌وشتی به‌رزی میلله‌ته‌كه‌مان رێگه‌ی نه‌دا به‌تاوان وه‌ڵامی تاوانكاران بداته‌وه‌ و دواتریش چووینه‌وه‌ بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، هیچ ئومێدێكمان له‌ ئه‌قڵیه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا نه‌بینی، له‌ دوای 2003ه‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ نیه‌تی شه‌راكه‌تێكی راسته‌قینه‌ له‌ عێراقێكی نوێ، چووینه‌وه‌ بۆ به‌غدا، یارمه‌تی عێراقمان دا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ خاوه‌ن ده‌ستورێك كه‌ تێدا ماف و ئه‌رك و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی تێدا پارێزراو بێت، به‌داخه‌وه‌ بینیمان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا هه‌ندێك كه‌س باس له‌ ده‌ستور ده‌كه‌ن، ئێمه‌ لێژنه‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستوریمان راسپارد 55 ماده‌ی ده‌ستوری عێراقیان دیاری كردوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداوه‌ پێشێلكراوه‌، له‌ كاتێكدا یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق له‌ دیباجه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌ پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ و بڕگه‌كانیه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێن: به‌ندێكی ده‌ستوری نییه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، وه‌ڵاممان ئه‌وه‌یه‌ به‌و ده‌ستوره‌ و دیباجه‌كه‌ی ئێمه‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ین، كام به‌ندی ده‌ستوری عێراق باس له‌ بڕینی موچه‌ و بودجه‌ی كوردستان ده‌كات؟ ئێمه‌ به‌و به‌نده‌یه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام ده‌ده‌ین.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی بڕیاری ریفراندۆمی بۆ خه‌ڵكی كوردستان گه‌ڕانده‌وه‌، سوپاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كرد كه‌ رۆژی 7ـی حوزه‌یران به‌ پشتبه‌ستنی خواستی خه‌ڵكی كوردستان بڕیاریاندا 25ـی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ دیاری بكرێت بۆ رۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، ریفراندۆم موڵكی هیچ كه‌س و لایه‌نێكی دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو موڵكی هه‌موو گه‌لی كوردستانه‌. ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌، هیچ وڵاتێك ئاماده‌ نییه‌ بێت وه‌ك دیاری سه‌ربه‌خۆییمان پێبه‌خشێ، ده‌بێ ئیراده‌ی خۆمان به‌هێزتر بكه‌ین و كه‌س به‌ قه‌ده‌ر خاوه‌ن ماڵ نازانێ خۆی چی ده‌وێ، بۆیه‌ خۆمان بریار ده‌ده‌ین و نه‌ گوناهمان كردوه‌ و نه‌كوفریشه‌، نه‌ یاسا و بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و یه‌كێتی ئه‌وروپا و یاسای نێوده‌وڵه‌تیمان پێشێلكردوه‌، به‌ڵكو به‌پێی ئه‌و مافانه‌ی له‌ ده‌ستور و یاساكانی ئه‌واندا باس كراوه‌، موماره‌سه‌ی هه‌قی خۆمان ده‌كه‌ین.

سه‌رۆك بارزانی ره‌تیكرده‌وه‌ ریفراندۆم دوابخرێت و له‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی، گوتی: ئه‌وه‌یان مه‌حاڵه‌ و سه‌رده‌م گۆڕاوه‌ و ئه‌گه‌ر جارێكی دیكه‌ تووشی شه‌ڕ بووینه‌وه‌، حه‌یفه‌ خوێنی گه‌نجی كورد جگه‌ له‌سه‌ربه‌خۆیی بۆ هیچی دیكه‌ ببه‌خشرێ، بۆیه‌ موسته‌حیله‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ین له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی، سوپاسی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ ئیراده‌یه‌كی پۆڵاینه‌وه‌ هه‌یبه‌تی داعش تێكبشكێنێ و ناوی پێشمه‌رگه‌ له‌ كوردستان چه‌ند پیرۆزه‌ له‌ جیهانیشدا خه‌ڵك شانازی به‌م هێزه‌وه‌ ده‌كات و هه‌موومانی به‌جیهان ناساند.

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی ئاینده‌ی كوردستانیشه‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌دیموكراسیه‌ت و پته‌وكردنی پێكه‌وه‌ژیان كرده‌وه‌ و گوتی: ئه‌وكات ئێوه‌ ئازادن چ سیسته‌مێكتان پێ باشه‌، ئێوه‌ بڕیار ده‌ده‌ن، به‌ڵام ته‌ماشا بكه‌ن به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ چه‌ند محرومین له‌ ژیان، تا نه‌بین به‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ناتوانین ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ نه‌وه‌كانمان دابین بكه‌ین.

بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەندیكا و ڕێكخراوە پیشەییەكانی كوردستان ئێرە دابگرە




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 324