سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی دەكات


KRP.org | |


09/09/2017
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9ـی 9ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەبوغەیت ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا كە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ستاییشی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی داعش و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادكردنی موسڵی لە سەرۆك بارزانی كرد. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ پێشكەوتنە هەمەلایەنەكانی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمكاری عەرەبی جێگەی بایەخە و كۆمكاری عەرەبی خوازیاری سەقامگیری و بەهێزبوونی كوردستانە.

ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بە ئەو نەهامەتییانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و ڕایگەیاند كە لەژێر ڕۆشنایی وەڵامی سەرۆك بارزانی بۆ نامەكەی، هاتووە كە لە نزیكەوە لەبارەی كێشەكان و ئاییندەی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ سەرۆك بارزانی بدوێت و ئەوەی خستەڕوو كە بەو ئەنجامە گەییشتووە كە پێویستە گەلی كوردستان بپارێزرێت و هەروەها دەرفەتێك بە هەرێمی كوردستان و عێراق بدرێتەوە كە بەیەكەوە بژیێنەوە و نیگەرانیەكانیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و داوای كرد كە ڕیفراندۆم بۆ ماوەیەك دوابخرێت و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوساندن لەنێوان هەرێم و بەغدادا بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و شاندی یاوەری كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕەهەندە جۆراوجۆرەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش ڕایگەیاند كە سەرباری نەبوونی چەك و دۆخی نالەباری ئابووری پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و ئەوە بۆ گەلی كوردستان مایەی شانازییە. هەروەها باسی هەڕەشەكانی تیرۆری كرد لەسەر ئاشتی و ئاسوودەیی گەلان و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنەی پێویستە و دەبێ شەڕی فكری و كۆمەڵایەتی و ئابووریی تیرۆریش بكرێت.

لەبارەی بابەتی ڕیفراندۆمیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی ڕاگەیاند كە ڕیفراندۆم بڕیارێكی تاكەكەسێك نییە كە بە ئاسانی دوابخرێت بەڵكو بڕیاری خەڵك و هێزە سیاسییەكانی كوردستانە. هەروەها ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانەدا كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و جەختی لەوە كردەوە كە لەو مێژووە هاوبەشەدا شەراكەت جێبەجێنەكرا و تەوافوق و دەستوور و ڕێككەوتنەكانیش پێشێل كران. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە بەپێی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە قۆناغی جۆراوجۆر و جێبەجێنەبوونی شەراكەت و پێشێلكاریی دەستوور و ڕێككەوتنەكان، متمانە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا نەماوە، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە و، ڕیفراندۆمیش لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەردرێت و گەلی كوردستان بە ئامرازی ئاشتیانە و دیالۆگ و دانوساندن مافەكانی خۆی مسۆگەر دەكات.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 231  


iraq kurdistan
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری زاخۆ بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی جەماوەری بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە