سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شای ئۆردۆن كۆبۆوە


KRP.org | |


18/05/2017
ڕۆژی پێنجشەممە 18ـی 5ــی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵڵا پادشای شانشینی ئۆردۆن و بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی ئۆردۆن سەردانی شانشینی ئۆردۆنی كرد و لە فڕۆكەخانەی ئەممانی پایتەختی شانشینی ئۆردۆن لە لایەن شاندێكی حكوومی و سەربازیی ئەو وڵاتە پێشوازی كرا كە پێكهاتبوو لە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و عەبدوڵڵا وریكات ڕاوێژكاری پادشای ئۆردۆن و وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئۆردۆن و پارێزگاری ئەممانی پایتەخت و نوێنەری هێزە چەكدارەكانی وڵاتی ئۆردۆن.

لە یەكەمین وێستەگەی سەردانیدا بۆ شانشینی ئۆردۆن بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوە دوو قۆڵیەدا هەردوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و شەڕی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرد.

هەر نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ نیوەڕۆخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی لە لایەن شا عەبدوڵڵا پادشای ئۆردۆن ڕێكخرا و لەو نیوەڕۆخوانەدا ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی ئۆردۆن و سەرۆكی ئەركانی سوپا و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە ئامادە بوون.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەڕێز مەسعود بارزانی بە مەبەستی هەواڵپرسین و بەسەركردنەوەی چەند پێشمەرگەیەكی بریندار سەردانی نەخۆشخانەی شاری پزیشكیی ئەلحوسێن كرد و لە نزیكەوە هەواڵی باری تەندروستیی پێشمەرگە بریندارەكانی پرسی و هیوای چاكبوونەوەی خێرای بۆ خواستن كە لەو نەخۆشخانەیەدا لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 172