پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی سەدساڵەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ


KRP.org | |


16/05/2016
سەد ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت. ئەو ڕێككەوتنەی لەدوای جەنگی جیهانیی یەكەمەوە بوو بە هۆی دابەشبوونی ناوچەكە بە بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕای دانیشتوان و سرووشتی دیموگرافیی ناوچەكە بكات و زوڵمێكی گەورە لە گەلانی ناوچەكە و بە تایبەتی گەلی كوردستان كرا.

ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنە بە دەرجەی یەكەم بۆ گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا كارەساتبار بوو. ئەو دەوڵەتەی كە لەسەر بنەمای شەراكەتی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و عەرەب دامەزرا بوو، لە كردەدا شەراكەتی كورد پشتگوێ خرا و لە لایەن حكوومەت و ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق گەورەترین كارەسات و زوڵم و نكۆڵیكاری دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام درا. بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە، ئەنفالی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و سەدوهەشتاودوو هەزار هاووڵاتیی كورد لە گەرمیان و ناوچەكانی تر و، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی چوارهەزار و پێنجسەد گوند و تەعریب و شەڕ و كاولكاری و جینۆساید بوو.

لەدوای ڕاپەڕینی 1991 گەلی كوردستان ویستی لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد، بەڵام حكوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە ملهوڕی و سەرەڕۆیی خۆی. دوای 2003 و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەلی كوردستان لەپێناو بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەت و دیموكراسی و فیدڕالیزم هەموو توانای خۆی بەكار هێنا بۆ ئەوەی دۆخی عێراق باشتر بێت و دەستوور بنووسرێت و شەراكەت و تەوافوق بچەسپێت. بەڵام لە كردەدا كار بە دەستوور نەكرا و حكوومەتی عێراق خۆی لە پابەندبوونەكان شاردەوە و شەراكەتی پێشێل كرد و قووتی خەڵكی كوردستانیشی بڕی.

شەڕ و كارەسات و ناسەقامگیری و توندڕۆیی و بێ بەشبوون دەرئەنجامی ئەو ڕێككەوتنە بوو كە بە زۆر پێكهاتەكانی لە ناوچەكە و بە تایبەت لە عێراقدا پێكەوە لكاند. لەوەتای ئەو پێكەوەلكاندنە بەزۆرە ڕووی داوە گەلانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ئاشتی و سەقامگیرییان بەخۆیەوە نەدیوە.

ئێستا بە عەمەلی عێراق دابەشكراوە و تاییفەگەری هێڵەكانی ئەو دابەشبوونە پێك دەهێنێ. لە عێراق و سووریا و زۆر وڵاتی تر داعش سنوورەكانی تێكداوە و سنووری نوێی دروست كردووە. لەم دۆخەی ئێستای عێراقیشدا گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بەرپرسیار نییە. بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی سەد ساڵ بەر لە ئێستا ناوچەكەیان دابەشكرد و هەروەها سیاسەتی هەڵەی دەستەڵادارانی ناوچەكە و بەغدا كە ویستیان بە زۆری چەك و سەركوتكاری سەقامگیری دروست بكەن و لەوەدا سەرنەكەوتن.

دوای سەد ساڵ دابەشبوون و ڕەنج و نەهامەتی، گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و دەوڵەت بە مانای حەقیقی تاقی كردووەتەوە، بەڵام سوودی نەبووە. مەمنون دەبم لەم دۆخەدا یەكێك بێت و پێمان بڵێت گەلی كوردستان چیتر بكات یان چیتری كردبا بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە؟ لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و ناسەقامگیری و كارەساتی تر پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ بكرێت چونكە چیتر دانیشتوانی عێراق بەرگەی شەڕ و ناكۆكی و توندڕۆیی ناگرن. ناكرێ پێداگری لەسەر دووبارەبوونەوەی سەد ساڵ هەڵە و كارەسات بكرێت و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمایەتی لەوە بگەن كە بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی عێراق دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سرووشت و ئیرادە و ویستی دانیشتوانی ناوچەكانی عێراق و لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیار لە شێوازی ژیان و ئاییندەی سیاسییان بدرێت. لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە پارچەكانی تریش، ئەوە هەر پارچەیەك تایبەتمەندی و بارودۆخی تایبەت بە خۆی هەیە و پێویستە دۆزی كورد لە پارچەكانی تردا بە ئاشتی و دیالۆگ و بە پێی تایبەتمەندییەكانی هەر پارچەیەك چارەسەر بكرێت.

دەبێ دان بەو واقعەدا بنێن كە ئێستا لە ئارا دایە، چەمكی هاووڵاتیبوون دروست نەبوو و ئێستایش سنوور و سەروەری مانای نەماوە و سایكس پیكۆ كۆتایی هاتووە. بۆیە وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی پێویستە وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە جیاتی پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی ئازارەكانی خەڵكی عێراق، بێن و بیر لە چارەسەری واقعیانە و حەقیقیی عێراق و ناوچەكە بكەنەوە. ئەگینا شەڕ و توندڕۆیی و كارەسات هەر بەردەوام دەبێت و ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیش دەكەوێتە مەترسییەوە.

لەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا هەلێكی مێژووییش لەبەردەم هەموو لایەكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەسات و نەهامەتییەكان بگیرێت و ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە. لە سەد ساڵەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ داوا دەكەم گفتوگۆیەكی جدی لەنێوان هەرێم و بەغدا دەست پێبكات بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی تازە و ئەگەر شەراكەت سەركەوتوو نەبوو با برا و دراوسێی باش بین.

ئەگەر لایەنە سیاسییەكانیش بە بیانووی جیاواز بیانەوێ لەو هەلە مێژووییەدا لە بەرپرسیارێتی ڕابكەن، ئەوە گەل بڕیاری خۆی دەدات و بڕیاری گەلیش لە هەموو بڕیارێك بەهێزتر و شەرعیترە و، بە دڵنیاییشەوە گەل بڕیاری خۆی دەدات.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 17229  


iraq kurdistan
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد