سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکوەزیرانی تورکیا کرد


KRP.org | |


08/01/2017
ڕۆژی یەکشەممە ٨ـی١ـی٢٠١٧ لە هەولێر، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەریمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵای كۆماری توركیا پێكهاتبوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسگوزاریی خۆی بەو پێشوازییە گەرمە دەربڕی و سوپاسی بەڕێزان سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کرد کە هاوکار بوون بۆ ڕەخساندنی زەمینەی سەردانی شاندی تورکیا بۆ بەغدا کە پێویستە وەک دوو وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەکی ئاساییان هەبێت. ئاماژەی بەوەیش دا کە لەبارەی بنکەی مەشقی باشیک، لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتنیان هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی دێرینمان هەیە و پێویستە پەرە بەو پەیوەندییە بدرێت بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستادا کە پێشبینی دەکرێت ناوچەکە بەرەوڕووی گۆڕانکاریی ببێتەوە و پێویستە هەردوولا هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ هەر پێشهات و ئەگەرێک.

دواتر بەڕێز بیناڵی یەڵدرم، ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و تەندروستی کرد کە تورکیا دەتوانێت هاوکاری کوردستان بێت و بۆ ئەو مەبەستەیش ئەو کۆمسیۆنە کارا دەکرێتەوە کە ئەرکی پەرەپێدانی ئەو هاوکارییانەیە.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا و شاندی یاوەری، سەردانەکەیانی بەرز نرخاند و سوپاسی گەل و حکوومەتی تورکیای کرد کە لە ڕابردوودا هاوکاری حکوومەت و خەڵکی کوردستان بوونە و داوای کرد هاوکاری و هەماهەنگیی هەردوولا بەردەوام بن و پەرەیان پێ بدرێت.

سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەو پشتیوانییە کرد کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکوومەتی عێراق خراوەتەڕوو تا ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچێت و ئاسایش و سەقامگیریی دەستەبەر بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا تەئکید کرایەوە کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و تورکیا پێکەوە بەستراوە و نابێ ڕێگە بدرێت ئەو سەقامگیرییە بکەوێتە بەر هەڕەشە.

دوای کۆبوونەوەکە، بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆک بارزانی، سەردانی بەڕێز بیناڵی یەڵدرم و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و بە پشتیوانیکردنی گەل و دەوڵەتی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان لەقەڵەمی دا. لە بەرانبەریشدا سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی سەردانەکەی بۆ بەغدا کرد و بە سەرکەوتووی نرخاند و جەختیشی لە پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە و باسی تەحەدییاتی ئەمنی و ئابووری کرد و ڕایگەیاند کە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێم، لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێندرێت.

دواتریش نیوەڕۆخوانێک بۆ شاندی میوان ڕێکخرا کە تیایدا بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوون.

دوای نیوەڕۆ، سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری، بە هاوڕێیەتی بەڕێزان مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە، سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان لە چیای زەرتک بەسەر کردەوە و لەلایەن فەریق جەمال محەممەد، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەوە قۆناخەکانی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە کە بووە هۆی ڕێگاخۆش کردن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و پێشڕەویی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ ناو شاری موسڵ، خرایە ڕوو.

دواتریش سەرۆکوەزیرانی تورکیا و شاندی یاوەری كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كران.

لێرە دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ببینە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1158  


iraq kurdistan
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد