بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مه‌ڕاسيمى ٣٤ ساڵه‌ى ئه‌نفالى بارزانيیەکان بەڕێوەچوو


KRP.org | |


31/07/2017
ڕۆژی دووشەممە ٣١ـی٧ـی٢٠١٧، بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە بارزان مەڕاسیمی یادی ٣٤ ساڵەی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی بەڕێوەچوو.

لەو مەراسیمەدا کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و وەزیر پارلەمانتاران و کونسول و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێم ئامادەی بوون، سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەش کرد.

سەرۆک بارزانی لە سەرەتای وتەکانیدا ڕایگەیاند: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ يادى رۆژێكى پڕ له‌ ئێش و ئازار ده‌كه‌ينه‌وه‌، كه‌ پێش ٣٤ ساڵ و له‌ رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ رژێمى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى بێ گوناهى ڕاپێچى بيابانى باشوورى عێڕاق كرد و هه‌موويانى كۆمه‌ڵكوژ و زينده‌به‌چاڵ كرد، ئه‌وانه‌ هيچ گوناهێكيان نه‌بوو، ته‌نها گوناهيان ئه‌وه‌ بوو كه‌ كوردن و بارزانين.

هەر لە وتەکەیدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: له‌ هه‌موو كوردستاندا كه‌ ئه‌نفال ئه‌نجام دراوه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا كۆى ١٨٠ هه‌زار تا ئێستا توانراوه‌ رووفاتى سێ هه‌زار بدۆزرێنەوە و بهێنرێنه‌وه‌ بۆ کوردستان. بەڵام به‌ڵێن ده‌ده‌ينه‌ ئێوە و كه‌سوكارى هه‌موو ئەنفالکراوانی کوردستان كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ين رووفاتی ئەو ئازیزانە بهێنينه‌وه‌ بۆ زێد و خاكى باوك و باپيريان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئه‌مه‌ يه‌كه‌مجار نييه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌سه‌ر بارزانييه‌كاندا بێت، به‌ڵام هيوادارم دوايين جار بێت به‌سه‌ر بارزانيان و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان بێت، گوتیشی: يه‌كه‌مجار ده‌ڤه‌رى بارزان و گوندى بارزان له‌ ساڵى ١٨٩٢ سووتێندرا و هه‌تا ئه‌مڕۆ ١٦ جار سووتێندراوه‌. بۆ ئێمه‌ جێى شانازييه‌كى مه‌زنه وه‌ك بارزانيیان، كه‌ هيچ جارێك سه‌رى خۆيان بۆ سته‌مكاران شۆڕنه‌كردووه‌ و ناشيكه‌ن.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە خۆڕاگری و ئازایەتیی ئەو ئافرەتانە کرد کە دوای ئەنفالکرانی هاوسەرەکانیان، له‌و كاتە ته‌نگانەیە‌دا له‌ بێكه‌سى و بێ پشتوپه‌نايیدا به‌ڵام به‌ ئيراده‌يه‌كى پۆڵايين نه‌يانهێشت ئه‌و منداڵانه‌يان بێ كه‌س بن و بۆيان بوونه‌ دايك و باوك، سەرۆک بارزانی ئەوانی وەک نموونه‌ى شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تى گەلەکەمان ناساند.

هەر لە وتەکەیدا سەرۆک بارزانی سوپاسی خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر، شه‌قڵاوه‌، هه‌رير، باتاس، خه‌ليفان، ديانه‌، باڵه‌كايه‌تى و سيده‌كان و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى کرد کە لەو کاتەدا بەهانای بارزانییەکانەوە چوونە و گوتی ئەو چاکەیەمان هەرگیز لەبیر ناچێت و هەمیشە خۆمان بە قەرزداریان دەزانین.

هەر لە وتەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی پەیوەندییەکانی گەلی کوردستان و عێراق دا و بەسەر دوو قۆناخدا دابەشی کرد، قۆناغى يه‌كه‌ميان له‌ ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ و قۆناغى دووه‌ميش له‌ ٢٠٠٣ـوە تا ئه‌مڕۆ. لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند:

له‌ هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان، سەرەڕای ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات له‌و هه‌موو كاره‌ساته‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئاماده‌بووين بچينه‌وه‌ به‌غدا و لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ينه‌وه‌ و به‌يه‌كه‌وه‌ به‌ برايه‌تى و ديموكڕاتى بژين، به‌ڵام دياره‌ هه‌مان فه‌رهه‌نگه‌ و هيچ سوودى نييه‌.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: له‌ هه‌ردوو قۆناخه‌كه‌دا بڕيار بوو ئێمه‌ هاوبه‌ش بين، به‌ڵام پشكى ئێمه‌ له‌و هاوبه‌شييه‌دا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ٤٥٠٠ گوندى ئێمه‌يان وێران كرد، ١٨٢ هه‌زار كه‌سى ئێمه‌يان ئه‌نفال كرد كه‌ زۆربه‌يان ژن و منداڵ بوون، كيميابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ تا زاخۆ، ١٢ هه‌زار گه‌نجى فه‌يلى له‌ تەمەنی ١٨ تا ٣٠ ساڵى و هه‌شت هه‌زار بارزانى، كه‌ چه‌ند نموونه‌يه‌كى زيندوون له‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ گەلی ئێمه‌ ئه‌نجام دڕاوون.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ کرد و گوتی: قۆناغى دووه‌ميش هه‌موو ده‌زانن، ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان رۆڵێكى سه‌ره‌كيمان له‌ ده‌ستوورى نوێدا بينى تا په‌سند كرا، به‌ڵام پرسيار ئه‌وه‌يه‌ هه‌م بۆ ناوخۆ و هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌، ئايا به‌غدا چ پابه‌ندييه‌كى به‌و ده‌ستووره‌وه‌ هه‌بووه‌، نه‌ پابه‌ندى ده‌ستوور بوو، نه‌ مادده‌ى ١٤٠ جێبه‌جێ كرا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌يه‌ جێبه‌جێ كرابا، ره‌نگه‌ زۆر شت ئه‌مڕۆ رووى نه‌دابا. رێگه‌ له‌ پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه‌ گيرا كه‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو و ده‌ستووريش دانى پێدانابوو. كاتێك داعش په‌لامارى كوردستانى دا ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تادا رووبه‌ڕووى كێشه‌ بووينه‌وه‌، چونكه‌ نه‌ چه‌ك هه‌بوو نه‌ جبه‌خانه‌ و ئه‌وان نه‌يانده‌هێشت نه‌ چه‌ك بۆمان بێت و رێگريش بوون له‌وه‌ى خۆمان له‌ ده‌ره‌وه‌ چه‌ك بكڕين.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بڕیاری بەغدا لە بڕینی بودجەی کوردستان کرد و گوتی: تاوانى نانبڕينى خه‌ڵكى كوردستان، بڕينى شيرى منداڵان، تاوانێكه‌ هيچى له‌ تاوانى كيمياباران و ئه‌نفالى خه‌ڵكى كوردستان كه‌متر نييه‌.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم لە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ کرد و ڕایگەیاند: ساڵى ڕابردوو خۆم چوومه‌ به‌غدا و مانگێك له‌ پێش منيش سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێم چووبووه‌ به‌غدا و له‌وێ زۆر ڕاشکاوانە له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيران و هه‌موو لايه‌كدا قسەمان کرد و ڕامانگه‌ياند، ئێمه‌ گه‌يشتينه‌ قه‌ناعه‌تێك كه‌ ناكرێت به‌يه‌كه‌وه‌ بژين و ئێوه‌ بڕواتان به‌ شه‌راكه‌ت نييه‌ و ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ى هه‌بووه‌ شكستی هێناوه‌ و با ئێمه‌ ئه‌و بوێريه‌مان هه‌بێت و با ڕاشكاوانه‌ بين و ئازايانه‌ بگه‌ينه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ مادام نه‌كرا به‌ شەراکه‌ت بژين با دراوسێيه‌كى باش بين، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌وه‌يان به‌ جدى وه‌رنه‌گرت و بڕوايان وابوو كه‌ بۆ فشار درووستكردنه‌، ئه‌وه‌ بۆ فشاردرووستكردن نييه‌، به‌ڵكو بڕياره‌ و سه‌ره‌نجام گەلی ئێمه‌ بڕيارى خۆى ده‌دات و له‌ ٢٥ـی ئه‌يلوول چاره‌نووسى خۆى دياری ده‌كات.

سەرۆک بارزانی جه‌ختیشی کردەوە کە‌ نيازمان ئه‌وه‌يه‌ به‌ خۆشى و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ينه‌ ئه‌نجام و ئێمه‌ هيچ بير له‌ شه‌ڕ ناكه‌ينه‌وه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌يه‌ رێگه‌ له‌ شه‌ڕ بگرين. گوتیشی: هيوادارين وڵاتان و دۆستان له‌ ره‌وشى ئێمه‌ تێبگه‌ن و‌ پشتيوانمان بن و هانى ئێمه‌ و به‌غداش بده‌ن به‌يه‌كه‌وه‌ بگه‌ينه‌ چاره‌سه‌ر و ئێمه‌ و به‌غدا ببينه‌ دراوسێى باش و به‌ خۆشى بژين.

سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ته‌نها ده‌رمانى هه‌موو برينه‌كان كه‌ له‌ دڵى ئێمه‌دا دروست بوون، چ له‌ ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیى خوشك و برايانى ئێزدى و كيميايباران، ته‌نها و ته‌نها ده‌رمان ئه‌وه‌يه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيى و ئازادى و رزگارى بچين، هه‌موو ده‌رمانێكمان تاقی كردەوە هيچ سووديان نه‌بوو.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکۆتایی وتەکانیدا پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: داوا له‌ هه‌موو لايه‌نه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م، بير له‌و هه‌موو تاوانانه‌ بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ ده‌رهه‌قمان كراوه‌، له‌ ئه‌نفال و جينۆسايد و كيميابارانكردن، له‌ خانه‌قينه‌وه‌ تا زاخۆ، كاتێك ئه‌وانه‌مان بير ده‌كه‌وێته‌وه‌ پێويسته‌ ويژدانمان له‌سه‌رمان فه‌رز بكات كه‌ يه‌كڕيزیمان باشترين چه‌كە به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ينه‌ ئامانج.



بۆ بیستنی دەقی وتەکانی سەرۆک بارزانی، لێرە پەنجە دابگرە





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 359  


iraq kurdistan
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد