سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆشنبیر ونووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی كوردستان كۆبۆوە


KRP.org | |


06/09/2017
ڕۆژی چوارشەممە 6ـی 9ـی 2017 لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆشنبیر ونووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی كوردستان كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سه‌رۆك بارزانى ڕۆشنایی خستەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و ڕایگەیاند ئه‌نجامدانى راپرسى دژى بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تييه‌كان نييه‌ و مافى چاره‌نووس مافێكى ئاسايى و ياساييه‌ به‌ گوێره‌ى هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌ ياساييه‌كان و مافەكانی مرۆڤ و هيچ كارێكمان نه‌كردووه‌ له‌ دژى ياساى نێوده‌وڵه‌تى بێت.

هەروەها لەبارەی داواكاری بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ئەوەی خستەڕوو كە ئه‌وانه‌ى ئێستا نيگه‌رانن له‌ ريفراندۆم، ده‌بوايه‌، زۆر پێشتر بێنه‌ ده‌نگ و قسه‌ بكه‌ن و لە پێشێلبوونی دەستوور بێنە دەنگ. هەروەها ريفراندۆمیش نه‌ كارتى فشاره‌ و نه‌ موزايه‌ده‌يه‌ بەڵكو مومارەسەی مافێكی سرووشتیی خەڵكی كوردستانە.

روونيشيكرده‌وه‌، چوونه‌وه‌ى كورد بۆ به‌غدا به‌ دڵپاكى و نیازپاكی هه‌ڵه‌ بووه‌ و گوتى: لێره‌دا دانى پێداده‌نێم هه‌ر 2003 چووينه‌وه‌ به‌غدا به‌و دڵپاكييه‌ هه‌ڵه‌ بووين.

هه‌روه‌ها لەبارەی پێشێلبوونی دەستوور و ڕێككەوتنەكان ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستا 55 مادده‌ى ده‌ستوورى پێشێل كراون و به‌ بيريشم نايه‌ت هيچ رێككه‌وتنێكمان لە لایەن حكوومەتی عێراقی جێبه‌جێ كرابێت. بۆ نموونه‌ رێككه‌وتين له‌سه‌ر ره‌شنووسى ياساى نه‌وت و غاز، نه‌يان كرد، رێككه‌وتين له‌سه‌ر بودجه‌ و پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه‌، ئه‌وان نه‌يانهێشت يه‌ك فيشه‌كيش بۆ پێشمه‌رگه‌ بێت. ئێستاش له‌ شه‌ڕى مووسڵ رێككه‌وتنى زۆرمان كردن و تا ئێستا باسمان نه‌كردووه‌، به‌شێك له‌ حه‌شدييه‌كان گوێ به‌ قسه‌ى كه‌س ناده‌ن و پێشێلكارى زۆر زۆر گه‌وره‌يان كردووه‌.

سه‌رۆك بارزانى لە درێژەی وتەكانیدا گوتيشى: ئێستا عێراق نه‌ كۆمارييه‌ و نه‌ په‌رله‌مانييه‌ و نه‌ ديموكراتييه‌ و بووه‌ته‌ حكومه‌تێكى تائيفى مه‌زهه‌بى. هەروەها ئه‌گه‌ر سيستمى سياسى عێراق به‌ زۆرينه‌ بێت، كورد له‌ هه‌موو شتێكدا دۆڕاوه‌ چونكه‌ هه‌ميشه‌ كورد كه‌مينه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاشكراشيكرد، له‌م ماوه‌يه‌دا فشارێكى زۆر هه‌بوو بۆ دواخستنى ريفراندۆم چ له‌ لايه‌ن هاوپه‌يمان و وڵاتان و كه‌سانى دۆسته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هيچ جێگره‌وه‌يه‌كيان بۆ ريفراندۆم نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ سوورين له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ 25ى سێپتێمبه‌ر ريفراندۆم بكه‌ين. ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، ده‌وڵه‌تى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى يه‌كسانى و ئازادى و به‌ سيستمى كۆمارى ديموكراتى ده‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتى: بير له‌ توندوتيژى ناكه‌ينه‌وه‌ و به‌ خۆشى و به‌ گفتوگۆ ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بين. ده‌ستوورى عێراق هيچ ئيعتبارێكى نه‌ماوه‌ چونكه‌ پێشێلكرا و كه‌سيش له‌سه‌رى نه‌هاته‌ ده‌نگ.

دواتر دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار كرایەوە و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە تێبینی و پرسیار و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبووانی دایەوە.

بۆ بینینی دەقی وتەكەی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندانی كوردستان ئێرە دابگرە.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 316