پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی


KRP.org | |


10/09/2017
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

گەلی كوردستان ئەزموونێكی سەدساڵەی پڕ لە نەهامەتی لەگەڵ حكوومەتەكانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەد ساڵەدا شەراكەت جێبەجێ نەكرا و گەلی كوردستان تووشی ئەنفال و كیمیاباران بوو. لەپێناو گەییشتن بە ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕ و گرفتی زیاتر گەلی كوردستان، بڕیاری داوە ڕیفراندۆم بكات و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت.

ئەو هەنگاوە مافێكی سرووشتی و ڕەوای خەڵكی كوردستانە و ناكۆك نییە لەگەڵ هیچ بنەمایەكی ئاسمانی و ئینسانی. جێبەجێكردنی ئەو مافە بە هیچ شێوەیەك بە مانای دژایەتیكردن هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵكو ئەوە دانانی بنەمایەكی پتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە تێكدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق.

هەر جۆرە لێدوان و هەڵسوكەوتێك كە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێكەوەژیانی لێ بێت هیچ پەیوەندییەكی بە بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و سیاسەتی هەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەیی گەلی كوردستان.

لەو كاتەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین، بە دڵنیاییەوە هەڵسوكەوتی ستەمكارانەی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان لەگەڵ برایەتی گەلی كوردستان و گەلی عێراق تێكهەڵ ناكرێت. ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر بەردەوامی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی عێراق بەڵكو قووڵتر و پتەوتری دەكات. ئێمە دەزانین كە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرەكان بوونە و لەگەڵ گەلی كوردستان لە یەك سەنگەردا بوونە.

داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكەین كە لە كاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەكانیان ڕەچاوی بەها بەرزەكانی گەلەكەمان و فەرهەنگی برایەتی و پێكەوەژیانی مێژوویی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بكەن. خوشك و برایانمان لە عێراق دەبێ بزانن كە گەلی كوردستان هۆكاری تێكدانی یەكپارچەیی و شەراكەت و ژیانی هاوبەش لە عێراق نەبووە بەڵكو ڕژێمە ستەمكارەكان و حكوومەتەكانی عێراق و سیاسەتی ئینكار هۆكاری سەرەكیی تێكدانی پێكەوەیی و یەكپارچەیی بوون.

مسعود بارزانی

10ـی 9ـی 2017




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 547