سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دەكات


KRP.org | |


02/01/2017
ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٧ فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.

دواتر سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد لە سەر چیای زەرتک و سەرۆک کۆماری فەڕەنسا لە نزیکەوە ستایشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕای گەیاند کە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پێشمەرگە ئازاکان دەکەم کە پێشتر لێرە بەرگرییان کرد و دواتریش لێرەوە پێشرەوییان کرد و داعشیان تێکشکاند و ڕێگەیان بۆ سوپای عێراق خۆش کرد تا بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن. لەو بەسەرکردنەوەیەدا ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وڵاتی فەڕەنسا کە لەچوارچێوەی تیمەکانی هێزی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستانن، ئامادە بوون.

دوای ئەم سەردانە، لە شاری هەولێر سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە جێن یۆڤیس لێدریان وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و مارک بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا و دۆمێنیک ماس کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كۆبوونەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا كە بەڕێزان کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و سەربازی ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و سوپاسی سەرۆک هۆلاندی کرد کە بۆ جاری دووەم سەردانی کوردستان دەکات و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد و پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد و هیوای خواست ساڵی نوێ بۆ فەڕەنسا و تەواوی جیهان ساڵی ئاشتی و ئارامی بێت.

سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە. سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی فەڕەنسای بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند. جەختیشی کردەوە کە بە تێکشکاندنی داعش لە موسڵ، تیرۆر کۆتایی نایەت و بە شێوە و ناوی دیکە دەبنەوە هەڕەشە، بۆیە پێویستە هەموو ئاشتیخوازان و مرۆڤدۆستەکان هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ تێکشکاندنی تیرۆر کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك كۆماری فەڕەنسا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و ڕای گەیاند کە ئەمڕۆی بۆ سەردانەکەی بۆ کوردستان هەڵبژاردووە تا پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم و دەزانین لەو ساڵەدا تەحەدییاتی ئابووری هەن و کوردستان پێویستی بە هاوکاری دەبێت. هەروەها لەڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا. دووپاتیشی كردەوە كە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و فەڕەنسا هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی کوردستان بووە و لە داهاتووشدا لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت. سەرۆک کۆماری فەڕەنسا ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە پێشانی دا بووە هۆی شانازیی بۆ کوردستان و بۆ ئێمەیش.

هەروەها سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.

لەدوای كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد. لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا بەرێز فڕانسوا هۆلاند جارێکی دیکە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەی کرد و ڕای گەیاند ئەگەر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، تێکشکاندنی داعش کارێکی مەحاڵ بوو. پێش جەند کاتژمێرێک سەردانی بەرەکانی شەڕمان کرد، ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادکراون و ئەو پێکهاتانەی لەو ناوچەیە دەژین چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن. ڕاشیگەیاند کە دوای ئازادکردنی موسڵ پێویستە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە پیکەوە بژین و ئیدارەیەکی باش هەبێت کەژیانی هەمووان لە سایەیدا مسۆگەر بێت.

هەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ـی١ـی٢٠١٧ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، بەڕێز فڕانسوا هۆلاند سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، کۆمەڵێک هاوکاریی مرۆیی کە بۆ ئاوارەکانی هێنابوو، ڕادەستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

دواتریش سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كران.

لیرە دەقی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی فەڕەنسا، ببینە.





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1180