سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی كوردستان كۆبوویەوە


KRP.org | |


22/08/2017
رۆژی سێ شه‌ممه‌ 22ـی8ـی 2017 له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه و وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

له‌سه‌ره‌تایی وتاره‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و بڕیاری 7ی حوزه‌یرانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دیاریكردنی رۆژی 25ـی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و به‌ بڕیارێكی بوێرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان وه‌سفی كرد.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی، قۆناغه‌كانی گه‌لی كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق باس كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌موو هه‌وڵێك بۆ شه‌راكه‌تێكی راسته‌قینه‌ درا، ویستمان لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێتر بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام سوودی نه‌بوو، هه‌موو رێگاكانمان تاقی كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌قڵیه‌ته‌كان نه‌گۆڕان و به‌غدا پابه‌ند نه‌بوو مه‌بدئی شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان. تا به‌ ئاستێك گه‌یشت بودجه‌ و نانی خه‌ڵكی كوردستانیان بڕی.

سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی مافی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد، بڕیاری ریفراندۆم، مه‌به‌ست لێی موماره‌سه‌كردنی مافێكی سرووشتی و یاسایی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و به‌م پرۆسه‌یه‌ ئاینده‌ی خۆی دیاری ده‌كات، مه‌به‌ستمان به‌م هه‌نگاوه‌ رێگه‌ بگرین له‌ كاره‌ساتی ناخۆشتر كه‌به‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كاندا هاتووه‌، له‌و كاره‌ساتانه‌دا توركمان و مه‌سیحی و ئێزیدی و سریانی و ئاشوری، به‌شیان وه‌ك یه‌ك بووه‌ و قوربانیان به‌خشیوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانگوتووه‌: ده‌وڵه‌تی كوردی دروست ده‌كه‌ین، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تی كوردستان كه‌ گوزارشت بێ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان دروست ده‌كه‌ین و ده‌بێ ئه‌م پێكه‌وه‌ژیان قوڵتر بكه‌ینه‌وه‌. جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كانی كوردستان ئازادن له‌بڕیاردان، ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاری ئێوه‌ ده‌گرین، پێمانخۆشه‌ له‌ وڵاتێك به‌شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كسان بژین، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیانه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش بووه‌ته‌ سه‌وه‌رییه‌ك بۆ هه‌موومان، له‌ئاینده‌یشدا ده‌وڵه‌مه‌ندتری بكه‌ین و ببێته‌ بناغه‌یه‌كی پته‌وه‌ی حكومڕانیه‌كی دیموكراسی.

له‌باره‌ی چوونی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و ئه‌حزابی عێراق، سه‌رۆك بارزانی روونیكرده‌وه‌: ئه‌و شانده‌ بۆ وه‌رگرتنی به‌ڵێنی جێبه‌جێ كردنی هیچ ماده‌ و بڕگه‌یه‌كی ده‌ستور و رێككه‌وته‌كان نه‌چووه‌. به‌ڵكو بۆ لێگه‌یشتن و تێگه‌یشتن له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنی دراوسێیه‌تیه‌كی باش چوونه‌.

سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ هیچ شوێنێكدا باسمان له‌وه‌ نه‌كردوه‌ كێ پشتگیریمان ده‌كات و كێ به‌ڵێنی پێداوین، به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێك دژی ریفراندۆم نییه‌، له‌گه‌ڵ كاته‌كه‌یدا گرفتیان هه‌یه‌ و ئێمه‌یش گووتمانه‌: ئێستا كاتی نه‌بێ؟ ئه‌ی كه‌ی كاتیه‌تی؟ دوای 100 ساڵ چاوه‌ڕوانی ده‌بێ چ كاتێكی دیكه‌ شایسته‌ بێ؟

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌، گه‌لی كوردستان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ویستوویه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌شه‌راكه‌ت بمێنێته‌وه‌، به‌ڵان سه‌ركه‌توو نه‌بوو، هیچ مانه‌وه‌یه‌ك به‌ زۆر و جیابوونه‌وه‌یه‌ك به‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گه‌لی كوردستان گوزارشت له‌ رای خۆی بكات به‌م ریفراندۆمه‌ زیان به‌ كێ ده‌گه‌یه‌نێ؟

له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دواخستنی ریفراندۆمیشه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی بۆ ئاماده‌بووانی رونكرده‌وه‌، رازی نابین به‌ دواخستنی ریفراندۆم، ته‌نیا ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا نه‌بێ به‌دیلێكی باشتر و رێگه‌یه‌كی كورتتر پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ته‌ئكیدی كرده‌وه‌، خۆ گوزارشت كردن له‌رای میلله‌تێك كوفر نییه‌، ئێمه‌ هۆكاری سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ بووینه‌، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ دژی داعش هه‌موو جیهانی پاراستووه‌ و شه‌هیدی به‌خشیوه‌، خوێنی شه‌هیدانیش ده‌بێ به‌رهه‌می هه‌بێ و له‌سه‌ربه‌خۆیی كه‌متر شایسته‌ی ئه‌م خوێنبه‌خشیه‌ی پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكی كوردستان نییه‌.

سه‌رۆك بارزانی دڵنیایی به‌ هه‌موو لایه‌ك راده‌گه‌یه‌نێ، هه‌رێمی كوردستان نابێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ لایه‌نێك و زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هیچ لایه‌نێكیش قبوڵ ناكات و له‌بڕیاری خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیش پاشه‌كشه‌ ناكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی به‌ڵێنی به‌ پێكهاته‌كانی كوردستان دا، له‌ ئاینده‌دا، سیسته‌می فیدراڵی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت و پارێزگای دیكه‌یش دروست ده‌كرێت و سروودێكی نیشتمانی كه‌ گوزارشت بێ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان داده‌نرێت. جه‌ختی له‌سه‌ر شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێوه‌ ئازادن له‌بڕیاردان، ئێمه‌ حه‌ز ده‌كه‌ین وه‌ك برایه‌ك پێكه‌وه‌بژین و پشتگیری خواسته‌كانتان ده‌كه‌ین.

له‌باره‌ی كۆچكردنی مه‌سیحیه‌كانیشه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌كاتی داگیركردنی مووسڵ له‌ لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ پیاوانی ئاینی مه‌سیحی هاتنه‌ لام، نیگه‌ران بوون له‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه‌ و باسیان له‌ كۆچكردن كرد، ئێستایش ده‌یڵێمه‌وه‌، بیر له‌ كۆچكردن مه‌كه‌نه‌وه‌، ئێوه‌ شه‌ریكی راسته‌قینه‌ی ئه‌م گه‌له‌ن و یاخود هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌مرین، یاخود هه‌موومان پێكه‌وه‌ سه‌ربه‌رزانتر ده‌ژین و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی فكری توندڕۆیی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیش كرده‌وه‌، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌ به‌تایبه‌تی ده‌بێ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی دژی توندڕۆیی كار بكرێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان به‌ مه‌سیحی و توركمان و كاكه‌یی و ئێزیدی و ئاشوری و سریانی، جه‌ختیان له‌ پته‌وكردنی فه‌رهه‌نگ و كلتوری لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان كرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، له‌ عێراقدا له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا ماف و خواسته‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و رووبه‌ڕووی له‌ناوبردن بوونه‌ته‌وه‌ و ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، له‌ كوردستاندا له‌ ژێر سایه‌ی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان مافه‌كانیان زامن كراوه‌ و له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا هاوشانی برایانی دیكه‌یان ده‌نگیان بۆ(به‌ڵێ) ده‌بێ.



بۆ بینینی وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه‌كانی كوردستان ئێرە دابگرە







SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 247  


iraq kurdistan
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری زاخۆ بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە ئاکرێ ئاهەنگێکی جەماوەری بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی کەرکووک کۆبۆوە