سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری زاخۆ بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد


KRP.org | |


14/09/2017
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگیەیاند: ئێمە دوو ڕێگەمان لەبەردەمە، یان ژێردەستی، یان سەربەخۆبوون. خوێنی ئەو ڕۆڵانەی هاتنە ڕژان، مافی 10 سەربەخۆبوونی هەیە نەک یەکێک، ئەو زەحمەتییەی گەلی کوردستان کێشای، ئەو ماندووبوونەی پێشمەرگە بینی، مافی 10 سەربەخۆبوونی هەیە. بۆیە باوەڕم وایە هیچ کەسێکی خاوەن غیرەت، ژێردەستی قەبوڵ ناکات.

ئەم وتانەی سەرۆک بارزانی لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا هات کە رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٤ـی٩ـی٢٠١٧ لە زاخۆ بۆ پشتیوانیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو.


سەرۆک بارزانی لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕووی لە خەڵکی زاخۆ کرد و گوتی من نەهاتووم داوا لە ئێوە بکەم دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن، چونکە ئێوە پێویستیتان بە کەس نییە پێتان بڵێ دەنگ بدەن.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا باسی ئەوەی کرد کە ئەمڕۆ بابەتی گرینگ بۆ هەموومان ڕیفراندۆمە، بڕیاری ڕیفراندۆم نە بریاری یەک کەسە و نە هیی یەک حزب و چەند حزبێکیشە. بڕیاری گەلی کوردستانە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆژی ٧ـی حوزەیران زۆر مەردانە بڕیاری خۆیان دا کە ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلوول دەچنە سەر سندوق و چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.

سەرۆک بارزانی بە درێژی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە وایان کرد گەلی کوردستان ئەو بڕیارە بدات، دوای ئەوەی هەموو ڕێگاکان تاقی کرانەوە، دەستوور پێشێل کرا، تەوافق و شەراکەت نەما و هاوسەنگی نەما. گەڕانەوە بۆ بیدعەیەکی تازە کە پێی دەڵێن زۆرینەی سیاسی. زۆرینەی سیاسیش دوو بۆ سێ نموونەی رەشیان خستە بەرچاومان. یەكیک لەو نموونانە بەپێی دەستوور لە عێراقدا پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی بەرگری عێراق، ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ پەرلەمانی عێراق خەریک بووین یاسایەک بۆ پێشمەرگە دابنرێت و بەشی پێشمەرگە لە میزانییە و چەک بێت، هەر دەستاودەستیان پێمان کرد و جێبەجێیان نەکرد. بەڵام لەماوەی 2 سەعاتدا یاسای حەشدی شەعبیان تێپەڕاند و بە ملیاران دینار پارە و چەک و تەقەمەنیان خستنە بەردەستیان. ئەوەیە زۆرینەی سیاسی."

سەرۆک بارزانی باسی نموونەی دووەم و سێیەمی زۆرینەی سیاسیی دەسەڵاتدارانی بەغذای کرد و گوتی: دوێنێ (١٣ـی٩ـی٢٠١٧) پەرلەمانی خۆیان هێنا بڕیارێکیان لەدژی مافی گەلی کوردستان دەرکرد. ئەمڕۆش بڕیارێکی دیکەیان دەرکرد، کە پارێزگاری کەرکووک هەڵوێستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەبووە دەیانەوێت لای بدەن، ئەوەیە ئەو زۆرینە سیاسییەی کە ئەوان دەیانەوێت. ئەگەر لەدەستیان بێت ناهێڵن یەک دەسکەوتی بەدەستهاتوو لەدەست گەلی کوردستاندا بمێنێت، هەموومان لێ دەستێننەوە.

سەرۆک بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم وەسیلەیە نەک ئامانج، بەڵکو ئامانج سەربەخۆییە، بۆ ئەوەی چیدی سایکس-پیکۆ، جەزائیر، پەیمانی بەغداد و لۆزان چارەنووسی ئێمە دیاری نەکەن. ئێمە وەکو گەلی کوردستان پێویستە چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین.

هەروەها بارزانی باسی لەوەکرد " چەند ساڵ هاوارمان کرد دۆخەکە بەرەو هەڵدێر دەچێت وەرن با چارەسەریەک بکەین. ئێمە زۆر بەدڵسافی چووینە بەغدا، دوای ساڵی 2003 بینیمان رۆژ بەڕۆژ دژایەتی گەلی کوردستان زیاتر دەبێت، وەک چۆن پێشتر ئەنفال و کیمیاباران کراین، ئەو رۆژەی بودجەی خەڵکی کوردستانیان بڕی ئەویش ئەنفالێکی دیکە بوو بەسەری خەڵکی کوردستانیان داهێنا."

سەرۆک بارزانی باسی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کرد لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و گوتی: پێش ئەوەی بێمە زاخۆ لە سحێلا، شاندێکی باڵا لای من بوون، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا و نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووینەوە و سێ چوار سەعات گفتوگۆمان کرد، گوێمان لە پێشنیاز و بۆچوونەکانیان گرت و ئێمەش بۆچوونەکانی خۆمان پێ گوتن. هەڵوێستی ئەوان دیارە کە دەڵێن لەگەڵ مافی گەلی کوردستاندان، بەڵام بەڕای ئێمە ئێستا دۆخەکە بۆ ریفراندۆم لەبار نییە نەوەک کێشە دروست نەبیت. کێشە لەوە زیاتر چی دەبێت؟ من پێم گوتن پێش ئێستا و ئەمڕۆکەش ئەگەر بەدیلێکی باشتر هەبێت، گەلەکەمان رازی دەبێت، ئەگەر بەدیل نەبێت ئێمە ریفراندۆمی خۆمان دەکەین هەرچی دەبێت باببێت.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: لەم رۆژانەش بەردەوام لە گفتوگۆدا دەبین. هەتا ئەنجوومەنی ئاسایشیش هاتوونەتە سەر هێل، ئەگەر بەدیلێکی باشتر و گرێنتیکراوتر پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەن ئەوا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، ئەگەر تەنها ئامانجیان دواخستنی ریفراندۆم بێت، ئەوا ریفراندۆمەکە دواناخرێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر ئیرادەمان بە‌هێزبێت، ئامادە بین باجی پێویست بۆ سەربەخۆیی بدەین، هیچ گومانم نییە سەربەخۆیی مسۆگەرە و بەدەست دەهێنرێت. کەس سەربەخۆییمان بەدیاری بۆ ناهێنێت و هیچ کەسیش بۆ ئێمە خۆی تووشی کێشە ناکات. دەبێت ئێمە داوای مافی خۆمان بکەین. ئەگەر داوای سەربەخۆییمان کرد، دەبێت بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەبین."

سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی بەغدا تازە دەستووریان وەبیر هاتۆتەوە و دەڵێ ئەوە دەستووری نییە. لەکاتێکدا ئەو دەستوورە هەر هەبوو و پێشلتان کرد و لەبیرتان کرد. بۆچی باسی ئەو فەقەرەیەی دەستوور ناکەن کە دەڵێ: ان الالتزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحادە الاختیاری. ئەوانەی عەرەبی باش دەزانن باش لێی ورد بنەوە، دەڵێ اتحادە الحر. واتە پێکەوە ژیانێکی ئارەزوومەندانە. ئێمە دوای ٢٠٠٣ بە حەزی خۆمان چووینەوە بەغدا، بە نیەتێکی پاک. گوتمان دەرفەتە پێکەوە عێراقێکی تازە دروست بکەین، عێراقێکی دیموکراتی و فیدراڵی. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوانەی پێمان وابوو هاوپەیمانی ئێمەن بێ وەفاییان کرد. ئێستا حکومەتێکی دیموکراتی و فیدراڵی لە عێراق نییە، بەڵکو ئێستا حکومەتێکی ئایینی، تائیفی، مەزهەبی لە عێراق حکوم دەکات، ئەوەش قابیلی قەبووڵکردن نییە. ئەگەر خەڵکی دیکە قبوڵی دەکات ئێمە ناچار نین. چونکە هی ئێمە ئارەزوومەندانەیە، ئێمە ئارەزوومەندانە چووین و کاتێک شەراکەت سەری نەگرت کەس ناتوانێ بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت کە هەر دەبێ پێکەوە بن.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئەوە سەد ساڵە بەو ناوەی برای یەکین و لە یەک وڵاتداین و بەناوی یەکێتیی عێراق، بەڵام هەموو کەس دەزانێ لەو سەدساڵەدا نە ئەوان خۆشییان دیت و نە ئێمە خۆشیمان دیت، هەر شەڕ و خوێنڕشتن بووە. ئەرێ کامیان باشترە؟ ئێمە بیر لە چارەسەرێکی دیکە بکەینەوە و ببینە دراوسێی باش و دۆست و برا و هاوکاری یەک بین، یا لەیەک وڵاتدا بین و هەر لەناو شەڕ و ناخۆشیدا بین و نە ئێمە خۆشی ببینین و نە ئەوان؟

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوش کرد کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرلەمانی عێراق هەنگاوی ڕەشتر و خراپتر دەنێن، ئەو ئاڵۆزکردنەی پەرلەمانی عێراقیش دەیکات هیچ دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ ناهێڵێتەوە. ئەوە زۆرینەی سیاسییە کە هەرشتێکیان بوێت بەرگێکی یاسایی بە بەردا بکەن و بەناوی پەرلەمانەوە بەسەر ئێمەیدا بسەپێنن و ئەوەش دژی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە ٢٠٠٣ و لە دەستووردا لەسەری ڕێککەوتین و ئێمە ناچار نین ئەو سیاسەتە قبوڵ بکەین.

سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە کە پێشتریش سووکایەتی کردن بەرانبەر گەلی کورد لای ئەوانە هەر هەبوو بەڵام ئێستا زیاتر بووە و بە زمانێکی نزم. زۆریش سەیرە کاتێک گەلێک داوای مافی خۆی بکات بڵێن ئەمە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە، بەڵام ئەنفال کردنی گەلێک، کیمیا بارانکردنی گەلێک، وێرانکردنی شار و گوندی گەلێک و نانبڕیی گەلێک، تاوان نییە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: وەفا خەسڵەتێکی گرینگە بۆ هەر مرۆڤێک. هەندێ لەو زماندرێژانەی ئێستا لە بەغدا پەیدا بوونە، هێشتا نان و ئاوی کوردستان لە زگیاندا ماوە. ئەوەی وەفای نەبێ دەستی لێ بشۆ.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی کرد کە تیایدا عەرەبێک بە کوردی گوتووە ئێوە کێن و چین و زێدەڕۆیی کرد. سەرۆک بارزانی لەو بارەیەوە گوتی: "هەرچەند ئەوە خۆی و قسەکانی بەهایان نییە، بەڵام ئەوە دەبێتە فەرهەنگێک. بەڵام وەڵام بۆ ئەو کەسە و هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە ئەوەیە، ئێمە خەڵکی کوردستانین، گەلی کوردستانین، ئەوەین کە سەد ساڵە ئێوە هەوڵ دەدەن ئێمە لەناو ببەن، ئێمە ئەوەین کە ئێوە ئەنفالتان کردین، کیمیا بارانتان کردین، کۆمەڵکوژتان کردین، شار و گوندەکانی ئێمەتان وێران کرد، کاتێک لە ئیوەیش قەوما ئێوە کەوتنە بەر دەستی گەلی کوردستان ئێمە ئێوەمان حەواندەوە و ڕێزمان لیتان گرت. ئێمە ئەوەین". ئەوەن کە نەوەی پێغەمبەرتان هێنا و سەرتان بڕی، خۆ خەڵکی کوردستان سەری نەوەی پێغەمبەریان نەبڕیوە. ئێمە ئەوەین کە پێشمەرگەی قارەمان مەزنترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە جیهاندا تێكشکاند و ناو و ناوبانگی گەلێکی گەیاندە هەموو جیهان. ئێمە خاوەنی ئەو پێشمەرگانەین.

سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە کە: ئێمە دەزانین زۆر برای عەرەبی خاوەن ویژدان لەگەڵ ئەو بۆچوون و فەرهەنگەدا نین، ئەوە فەرهەنگی ئەوانەیە کە دوێنێ برسی و ئەمڕۆ تێرن.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێمە هەڕەشە لە کەس ناکەین و حەز ناکەین دڵۆپێک خوێن بڕژێت بەڵام ئەوە پەیامێکە بۆ هەموو لایەک، ئەوەی بیهەوێ بە زۆری دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵکی کوردستان ئەوە مەیدان با خۆی تاقی بکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێمە دوو ڕێگامان لەپێشە، یا ژێردەستەیی یا سەربەخۆیی. ئەو خوێنەی بۆ ئەم وڵاتە ڕژاوە، ئەو زەحمەتەی گەلی کوردستان کێشای و ئەو ماندووبوونەی پێشمەرگە دیتوویەتی، بەشی دە سەربەخۆییە نەک یەک سەربەخۆیی، بۆیە لەو باوەڕەدام کەسێکی خاوەن غیرەت ژێردەستەیی قبوڵ ناکات.

سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە نابێ ئەو هەڕەشانەی دەکرێن و ئینکارکردنی مافی ئێمە لەلایەن خەڵکانی دیکەوە ببنە هۆی ئەوەی فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێمە تێک بدات، پێویستە ئێمە لەسەر برایەتی بەردەوام بین، برایەتی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن. نابێ بێڕێزی بەرانبەر ئاڵا و ڕەمزی هیچ لایەنێک بکرێت.

سەرۆک بارزانی ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ دراوسێکانمان ٢٦ ساڵە ئێمە سەلماندوومانە هۆکاری ئاسایش و سەقامگیرین و لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبین.

لەکۆتاییشدا سەرۆک بارزانی رایگەیاند کە هیچ گومانتان نەبێت ئایندە بۆ ئێمەیە، دەبێ ئیرادەمان بەهێز بێت. ئاماژەشی بە بەشێک لە هۆنراوەی زانا و شاعیری ناوداری کوردستان، مەلای جزیری کرد کە فەرموویەتی:

پشتی نادەین دووهەزار خەنجەر و تیر و ڕم و خشت
مە سەری دانیە ڕێ و ب خوەدێ بەستییە پشت​

بۆ بیستنی دەقی وتەکانی سەرک بارزانی، لێرە پەنجە دابگرە






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 290  


iraq kurdistan
پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌ باره‌ى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى ريفراندۆمه‌وه‌ په‌يامێكى ئاراسته‌ كرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەڕێوەچوو
​بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە شاری سلێمانی کەرنەڤاڵێکی گەورەی پشتگیریی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
​بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، لە سۆران کەرنەڤاڵی پشتگیریی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوەچوو
سوپاسنامەیەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا کۆبۆوە
بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، لە دهۆک کەرنەڤاڵی پشتگیریی لە سەربەخۆیی بەڕێوە چوو
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ گردبوونەوەی پشتگیریی ڕەوەندی كوردستانی لە ڕیفراندۆم لە وڵاتی سوید
سەرۆک بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری ئامێدی بۆ پشتگیریی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد