سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی ئەنوەر ئەحمەد عەجیل ئەلیاوەر دەكات


KRP.org | |


08/08/2017
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ـی٨ـی٢٠١٧ لە لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شێخ ئەنوەر ئەحمەد عەجیل ئەلیاوەر کەسایەتیی دیاری هۆزی شەمەر و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەکەدا شێخ ئەنوەر بەناوی خۆی و هۆزی شەمەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد کە رووبەڕووی تیرۆریستان وەستانەوە و داعشیان تێکشکاند. بەتایبەتییش پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە و ئەو ڕێز و حورمەتەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دانیشتوانی ناوچەکە گیرا و ئەوەیان بە نیشانەی ڕەوشتی بەرز لەقەڵەم دا کە هەمیشە گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و پێی ناسراون. پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان و ڕایانگەیاند کە ئەو جوامێرییەی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز لەیاد ناکەین.

هەروەها جەختیان لە پەیوەندەیی لەمێژینە و برایانەی گەلی کوردستان و هۆزی شەمەر کردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەت و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی کوردستان دووپات کردەوە و تەئکیدیشیان لە هاوچارەنووسیی خۆیان و گەلی کوردستان کردەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، سوپاسی شێخ ئەنوەر و شاندی یاوەری کرد و و جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەوەی پێشمەرگە و گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانییە و پێشمەرگەی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئازادیخوازاندا قوربانیی داوە و ئێستا و داهاتووش پێشمەرگە پارێزەری ئەو پێکەوەژیانە دەبێت.






SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 179