سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میری ئێزیدیان و بابێ شێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزیدی دەكات


KRP.org | |


17/03/2017
ڕۆژی هەینی 17ـی 3ـی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میر تەحسین میری ئێزیدییەكان و بابێ شێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزیدی كرد و لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخ و گرفت و كێشەكانی دەڤەری شنگال و هەروەها دواڕۆژی ئێزیدییەكان كرا.

لەدوای ئەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی میرتەحسین میری ئێزیدیان و بابێ شێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزیدی لە كۆبوونەوەیەكی بەرفراواندا لەگەڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسایەتیی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی و ڕۆشنبیری و ئیداری و سەربازیی ئێزیدییەكانی شنگال و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كۆبۆوە.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئەو كارەسات و نەهامەتییەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و كارەساتی شنگالیشی بە ئەڵقەیەك لە زنجیرەی ئەو كارەساتانە لە قەڵەمدا كە دوژمن لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئێزیدییەكان بە درێژایی مێژوو تووشی زوڵم و ئینكار هاتوونە و ئەو زوڵمەیش بەهۆی پێناسەی ئایینی و نەتەوەیی ئێزیدییەكان بووە. ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە عیبادەت و دینداریی ئێزیدییەكان بە زمانی كوردییە و ئێزیدییەكان كوردی ڕەسەنن و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە هیچ پێناسەیەك بەسەر ئێزیدییەكاندا بسەپێنێت.

سەرۆك بارزانی ئێش و ئازاری ئێزیدییەكانی بە ئێش و ئازاری هەموو گەلی كوردستان زانی، هەربۆیەش پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال و ڕێگاكانی سەدان شەهیدی بەخشی. سەرۆك بارزانی هێمایشی بەوەدا كە پێشمەرگە قارەمانانە تۆڵەی لە تیرۆریستانی داعش كردەوە و ئێستا تیرۆریستانی زاڵم كەوتوونەتە ژێر پێی ئێزییدییەكان و لە ئاییندەدا هەموو ئەو ناوچە و گوندانەی لەژێر دەستی داعش ماون ئازاد دەكرێن و پێویستیشە ڕێوشوێنی وا بگیرێتەبەر كە چیتر كارەسات لەدژی ئێزیدییەكان دووبارە نەبێتەوە و بپارێزرێن.

لەدرێژەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕاندنەوەی خەڵك و بە پارێزگاكردنی شنگال و ئاماژەی بەوەدا كە هەموو هەوڵەكانی خستووەتەڕوو كە لەڕێگەی حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان و بووژانەوە بۆدەڤەری شنگال بكرێت و خەڵكی ناوچەكە بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن.

سەبارەت بە بوونی هێزی تر لەم دەڤەرە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە هەتا دامودەزگەی ڕەسمیی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگالدا هەیە ناكرێ هێزی تر هەبێ كە ڕێگە لە ئاوەدانكردنەوە و چالاكییەكانی دامودەزگەی حكوومی و جموجۆڵی پێشمەرگە بگرێت. پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی بۆچوونی وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال شیكردەوە كە لەسەر ئەم بڕوایەن هەتا هێزی نایاسایی لەم دەڤەرەدا مابێ ئامادە نین یارمەتیی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بدەن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان سوپاسی خەمخۆری و هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆك بارزانیان كرد لە بەجێگەیاندنی بەڵێنی ئازادكردنی شنگال و چیای شنگال و داوایشیان كرد هەروەكچۆن لە قۆناغی نووسینەوەی دەستووری عێراق و قۆناغەكانی تر و تێكشكاندنی تیرۆریستان سەرۆك بارزانی پشتیوانی ئێزییدییەكان بووە لە ئاییندەیشدا چاویان لەوەیە سەرۆك بارزانی پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و پاراستنیان لە پیلانی ناحەزان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك لە ئامادەبووان لەبارەی كێشەكانی دەڤەری شنگال و باشیك و ڕەوشی ئێزییدییەكان لە كوردستان و بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شنگال و ئازادكردنی ئەو ئێزیدیانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان، تێبینی و پێشنیاری خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و داواكاری و پێویستییەكانی خوشك و برا ئێزییدییەكان میری ئێزییدیان و بابێ شێخ و ئەنجوومەنی ڕووحانیی ئێزییدییەكان یادداشتنامەیەكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.




SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 272