پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕای گشتی


KRP.org | |


19/07/2017
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك لە سیاسی و كاربەدەستانی عێراقی بۆ دژایەتیكردنی ڕیفراندۆم و مافەكانی گەلی كوردستان باسی دەستوور و پابەندبوون بە دەستوور عێراق دەكەن. زۆر باشتر دەبوو ئەم بەڕێزانە بە وردی دەستووری عێراق ببینن چونكە لە دیباچەی دەستووردا بە ڕوونی هاتووە پابەندبوون بە دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا پابەندی دەستوور بوون؟ بە دەیان نموونە هەیە كە پێشان دەدات حكوومەتەكانی عێراق پابەندی ئەو دەستوورە نەبوون كە خەڵكی عێراق دەنگی پێ دابوو. بە پێچەوانەی دەستوور لە سوپای عێراقدا پارسەنگ تێكدراوە و كورد پەراوێز خراوە ئەوە لە حاڵێكدابوو كە پێشمەرگە بناغەی سەرەكیی سوپای عێراقی لە دوای 2003 پێكهێنا.

لە سلكی دیپلۆماسی و كاروباری دەرەوەدا بە هەمان شێوە كار بۆ گۆشەگیركردن و دەركردنی نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكرێت. چەندین ساڵە پێشمەرگە ئابڵۆقە دراوە كە بەشێك بووە لە مەنزوومەی بەرگریی عێراق. ئەوە جگە لە پشتگوێخستنی ماددەی 140 و پێكهێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی، ئەو ئەنجوومەنەی زامنی تەوافوق و تەوازونی ناو پێكهاتەكانی عێراقە. بە پێچەوانەی دەستوور هەوڵ دراوە بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی پێشێل بكرێن یان جێبەجێ نەكرێن. كار گەییشتە ئەوەی نانی خەڵكی كوردستان بە نووكە ئیمزایەك ببڕن و نەیشمانبینی هیچ لایەنێكی سیاسی یان ناوەندێكی ئایینی ئیدانەی ئەو بڕیارە نادەستوری و نامرۆڤانەیە بكات كە قووتی خەڵكی كوردستان و شیری منداڵی كوردستانی بڕیوە. بە پێی كام یاسا و كام ماددەی دەستوور حكوومەتی عێراقی ئەو مافەی هەیە ئیجرائاتی نایاسایی دەرهەق گەلی كوردستان بكات؟

لە لایەكی دیكەوە لەپێناو شەراكەتی نێوان پێكهاتەكاندا عێراق پێویستی بە بنەمای تەوافوق بوو بەڵام ئەو تەوافوقەشیان تێكدا و ئێستا بانگەشە بۆ زۆرینەی سیاسی دەكەن، زۆر چاكیش دەزانین مەبەستیان لە زۆرینەی سیاسی چییە كە لە ڕاستیدا نەهێشتنی شەراكەت و پەراوێزخستنی پێكهاتە سەرەكییەكانی ترە.
بە هەموو لایەكیش ڕادەگەیێنین كە ڕیفراندۆم مافێكی سرووشتیی گەلی كوردستان و هەموو گەلانی جیهانە و ئەو مافە سرووشتیە دەبێ مومارەسە بكرێت و بۆچی تەنیا ئەو مافە لە گەلی كوردستان حەرام بكرێت؟

ئێمە ئیلتزاممان هەیە بەرانبەر خوێنی شەهیدانمان و ڕای گشتی و داوكارییەڕەواكانی گەلەكەمان.بۆیە لەو مافەی خۆمان پاشگەز نابینەوە و گەلی كوردستان ئەو مافە سرووشتییەی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی پیادە دەكات. چونكە نامانەوێ ئەزموونی تاڵ و شكستخواردووی پێشوو دووبارە بكەینەوە. بە باشی دەزانین هەردوولا دراوسێی یەكتر و قووڵایی ستراتیژیی یەكتر بین و وەك برا و دۆست هاوكار و هەماهەنگ بین لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.

ئەو سەردەمەیش بەسەرچوو بە زمانی هەڕەشە و چاوسووركردنەوە دژی مافی ڕەوای گەلی كوردستان بوەستنەوە و حەزیش ناكەین كەس ئەو زمانە بەكار بهێنێ. گەلی كوردستان ئاشتی و برایەتیی دەوێت بەڵام زمانی هەڕەشە و ئینكار لە كەس قبوڵ ناكات.

مسعود بارزانی
19ـی 7ـی 2017





SOURCE:: KRP PAGE HIT:: 1223