ده‌رباره‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم


KRP.org | |


سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌یه‌كی سیاسی، ئیداری و یاساییه‌، به‌پێی مادده‌كانی (یه‌كه‌م ودووه‌م و سێیه‌م) له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبه‌جێكردنه له‌هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی پێشمەرگەی‌‌ ‌هه‌رێمی كوردستانه، سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌نگدانی گشتیی نهێنی راسته‌وخۆ بۆماوه‌ی چوار ساڵ له لا یه‌ن هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستا نه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و ده‌شێ بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌.

به‌ڕێز ( مسعود بارزانی ) بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هه‌ڵبژاردنی رۆژی 31 / ی كانوونی دووه‌می 2005، وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان - عیراق، هه‌ڵبژێردرا.

به‌پێی مادده‌ی یه‌كه‌م له‌یاسای ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی دەبێت هاوكاریی دەكات لە راپەڕاندنی ئەركەكانی و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرێتەوە وهەر خۆیشی جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگەیە، سه‌رۆكی هه‌رێم هەندێك لە ئەرك ودەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكەی خۆی دەدات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، سه‌رپه‌رشتیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان ده‌كات، نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كوردستان ده‌كات له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای ناوه‌ندی سیاسی عێراق كه‌ له‌ ( سه‌رۆكی كۆمار - سه‌رۆكی وه‌زیران - سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی ) پێكهاتووه‌ .

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پاراستن وبەجێگەیاندنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كه له ‌ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا چه‌سپاون، به‌ناوی گه‌لی كوردستان راوێژ وگفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات وهه‌ماهه‌نگیی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان وده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم رێكده‌خات.

ل
ه‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی ڕێكخراوه‌، به‌و پێیه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داواكاریی دامه‌زراندن به‌ پله‌ی تایبه‌ت و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌، بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌رزده‌كاته‌وه‌، دوای ره‌زامه‌ندی سه‌رۆك، به‌ده‌رچوونی( فه‌رمانی هه‌رێمیی) بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی بڕگەی یەك لە ماددەی (10) لە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، دەسەڵاتی دەركردنی ئەو یاسایانەی هەیە كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندی دەكات لە ماوەی (15) رۆژ لە بەرواری وەرگرتنی لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لەم ماوەیەشدا بۆی هەیە تانه له کۆی یان به شێکی بدات و ره وانەی پەرلەمانی بکاته وه تاکو چاوی پێدا بخشێنێته وه، بڕیاری پەرلەمان له م باره یه وە بنبڕه.



پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

* دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان - عیراق ژماره‌ (2) ساڵی 2005 له‌1/8 /2005 دامه‌زراوه‌ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی مه‌عنه‌وییه‌ و ئه‌م ئه‌ركانه‌ی خواره‌وه‌ی هه‌یه‌:

1 - سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دیوان.
2- رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وسه‌رۆكایه‌تی پەرلەمانی كوردستان - عیراق وسه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عیراق.
3 - رێكخستنی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراقی فیدراڵ.
4 - رێكخستنی چالاكی وپه‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناوه‌وه ‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

* سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:
به‌ڕێز (مسعود بارزانی ) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ماده‌ی یه‌كه‌م ودووه‌م وسێیه‌م له‌یاسای دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌فه‌رمانی هه‌رێمیی ژماره‌ (1)ی ساڵی 2005، به‌ڕێز (فۆاد محمد حسین )ی به‌یه‌كه‌م سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراند به ‌پله‌ی وه‌زیر و دەسەڵاتی هه‌یه له‌هه‌موو كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌شداربێت و سه‌رپه‌رشتیی سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات.

* نوسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

* نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
ئه‌م نوسینگه‌یه‌ پێكهاته‌یه‌كی كارگێڕی تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستن و راپه‌ڕاندنی چالاكی وكاروباری رۆژانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.

* به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییەكانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:
له‌دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی گشتیی هەن وئەم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه له‌پێناو جێبه‌جێكردنی ئه‌وئه‌ركانه‌ دامه‌زراون كه‌ به‌یاسا خراونه‌ته‌ ئه‌ستۆی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-
1- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كارگێڕی و دارایی.
2- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون.
3- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری یاسایی.
4- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان.
5- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری كۆمهڵایه‌تی و‌ سكاڵا.
6- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی راگه‌یاندن.




PAGE HIT:: 38881